ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی نۆ كەسی بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرد و دەستیگرتووە بەسەر دوو ئۆتۆمبێل و چەکێک و بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا.
لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، “لە چێوەی هەوڵەکانمان بۆ بڵاونەبوونەوە و ڕێگریکردن لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر، هێزەکانمان بەهاوكاریی یاریدەدەرێتییەکانی ئاسایشی (بەردەقارەمان، ئاغجەلەر، تەکیەی کاکەمەند، شۆڕش و بازگەی بانمەقان) لە ماوەی 40 ڕۆژدا نۆ کەسیان دەستگیرکردووە بەتۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە”.
ڕوونیشیكردووەتەوە، تۆمەتبارەکان دانیشتووی شار و شارۆچکە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن و بە فەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بە ماددەکانی (25، 26، 30) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕاگیراون.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دوو ئۆتۆمبێل و چەکێکی جۆری دەمانچە و بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ کە خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ تۆمەتبارەکان لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە”.