شۆڕش ئیسماعیل: ناوه‌ندی هاوبه‌شی پێشمەرگە و سوپا لە هەولێر و بەغداد دەكرێنەوە

وەزیری پێشمەرگە و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان فۆتۆ: ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

وەزیری پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بریاره‌ له‌ 1ی تشرینی دووەمەوە‌ ناوه‌ندی هاوبه‌شی نێوان وەزارەتەكانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق له‌ هه‌ولێر و ‌به‌غداد بكرێنه‌وه.

شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەكەم دەربارەی چاكسازی لە وەزارەتەكەی ڕایگەیاند، له‌ئێستادا قۆناغی باشیان بڕیوه‌ له‌سه‌ر سه‌رخستن و جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ و وتیشی، “ڕۆڵی ڕاوێژكارانى هاوپه‌یمانان له‌ هاوكاری و هه‌مه‌ئاهه‌نگی تیمه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جێگه‌ی ستایش و بایه‌خی زۆری ئێمه‌یه”‌.

شۆڕش ئیسماعیل جه‌ختیشی له‌سه‌ر نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ‌و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق كرده‌وه و وتی،‌ “بریاره‌ له‌ 1ی تشرینی دووەمی داهاتووەوە ناوه‌ندی هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوولا له‌ هه‌ولێر و دواتر له ‌به‌غدادیش بكرێته‌وه‌، كه‌ ده‌رئه‌نجام پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه”‌.

ئەو وتانەی وەزیری پێشمەرگە ئەمڕۆ لەمیانەی كۆبوونەوەیدا بوو له‌گه‌ڵ مێجه‌ر جه‌نه‌ڕاڵ كه‌ڤن كۆپسی، جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له ‌عێراق و سوریا و شاندێكی باڵای ڕاوێژكاری سه‌ربازیی هاوپه‌یمان، كه‌ ژماره‌یه‌ك له ‌ئه‌فسه‌رانی پله‌ باڵای وه‌زاره‌ت ئاماده‌یبوون.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە لای خۆیەوە جێگری فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ڕوونیكرده‌وه‌، “پێكه‌وه‌ كاركردنی هاوبه‌شی هێزه‌كان له ‌به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و تیرۆریستان ڕێگای سه‌ركه‌وتنمان نزیكده‌كاته‌وه‌ و هۆكارێكی گرنگیش ده‌بێت بۆ ڕه‌وینه‌وه‌ و تێكشكاندنی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر له ‌ناوچه‌كه‌دا”.

مێجه‌ر جه‌نه‌ڕاڵ كه‌ڤن كۆپسی، وتیشی، خواستی هاوپه‌یمانانه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق بگه‌نه‌ ڕێككه‌وتنی كۆتایی و بكرێته‌ بنه‌مایه‌كی دروست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان. هاوكات پاڵپشتی و پشتگیریی هاوپه‌یمانانیشی له‌رووی كۆمه‌ك و هاوكاری لۆجیستی و سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق دووپاتكرده‌وه‌.

 

بابەتی پێشتر

عێراق: بەمنزیكانە دۆسیەی ئاو لەگەڵ توركیا یەكلایی دەكەینەوە

بابەتی دواتر

هێمن هەورامی: فەڕەنسا تاكە پشتیوانی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان بووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share