وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا لەدوای هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆسەر پێشمەرگە، نامەیەک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەنێرێت و ڕایدەگەیەنێت، “ئەو پشێویانە کاریگەری لەسەر گەشەی پێشکەوتنی هەرێم دەبێت”.
لە نامەیەکدا کە بەناوی کۆڵۆنێڵ (سێر چارلس سایکس بی تی) ڕاوێژکار لە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم نێردراوە تێیدا هاتووە، ” تکایە سەرەخۆشیمان بۆ کەسوکاری شەهیدەکان لەم کاتە خەمبارەدا لێ قەبوڵ بکەن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ” ئێمە پاڵپشتی ئێوە دەکەین لەشەڕی دژ بەداعش و دژی هەموو گروپە تیرۆریستییەکان، کە هەڕەشە دەکەن لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، ئێمە لەگەڵ هاوکارەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەردەوام دەبین لە پشتیوانی و پێشکەش کردنی هاوکاریەکانمان بۆ هێزەکانی پێشسمەرگە، هەروەها پشتیوانی لەو هەوڵ و کۆششە خێرایانە دەکەین، کە بۆ نوێکردنەوە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە دەیدەن، بۆ باشترکردنی ئاسایشی ناوچە کێشە لەسەرەکانیش بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی عێراقی فیدراڵ هاوکار و پاڵپشت دەبین”.
شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی چەکدارانی داعشدا لە ناوچەی زوڕگەزراو لە سنووری میحوەری کەرکوک دوو پێشمەرگە بەناوەكانی “خالید حەمید هەیاس و ئاکۆ کەریم قادر” شەهیدبوون.