بەراورد بە دوێنێ بەهای نەوت ئەمڕۆ دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، هۆكارەكەشی بۆ زیادبوونی نەوتی لەكۆگاكراوی ئەمریكا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە ئەمریكا و ئەوروپا دەگەڕێندرێتەوە.
یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەكەم لەكاتی ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بەرامبەرە بە 40 دۆلار و 46 سەنت، كە بەراورد بە دوێنێ سێشەممە بەڕێژەی 1.8% دابەزیووە.
هەروەها بەهای نەوتی خاوی ئەمریكی 90 سەنت دابەزیووە و گەیشتووەتە 38 دۆلار و 67 سەنت بۆ یەك بەرمیل.
بەگوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز هۆكاری دابەزینی بەهای نەوتی خاو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، نەوتی لەكۆگاكراوی ئەمریكا بەڕێژەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەرزبووەتەوە.
هۆكارێكی دیكەی دابەزینی بەهای نەوت دەگەڕێندرێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە ئەوروپا و ئەمریكا كە ئەوەش خواستی لەسەر نەوتی خاو كەمكردووەتەوە بەهۆی ئەو مەترسییەی لە بازاڕە جیهانییەكان دروست بووە.