سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكارەكانی كەمیی داهات ڕووندەكاتەوە

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕەتیدەكاتەوە دەستێك لە پشت كەمبوونەوەی داهاتی باج لە سنووری سلێمانی و ئیدارەكانی ناوچەكەدا هەبێت و دەڵێت، كەمبوونەوەی باج بەهۆی كەمیی جووڵەی بازاڕەوەیە، دووپاتیشیدەكاتەوە، “خەڵك كە داهاتی نەبێت، كەمتر خۆی لە باج دەدات”.

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەپێی ئەو كۆبوونەوەیەی لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ بەڕێوەبەری باجەكان ئەنجامیانداوە، ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە بەرنامە و پرۆگرامێكی نوێیان هەبوو بۆ كۆكردنەوەی داهات بەشێوەیەكی زیاتر و باشتر و دەستیشیان پێكردووە، ئەویش بە تۆماركردنی هەموو ئەو دووكان و پیشەوەر و شوێنانەی كە تۆمارنەكراون.

لە دوو كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردوودا لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئەو فەرمانگانەی تایبەتمه‌ندن بە كۆكردنەوەی باج و داهات، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان باسی لە كێشەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە كرد كە بەوتەی ئەو “وەكو پێویست ناتوانن داهاتی باج كۆبكەنەوە”، ئەمەش بۆتە گرفتێك بۆ نەبوونی سیولە (پارەی نەختینە) و دواكەوتنی مووچە.

دەربارەی ئەو وتەیەی وەزیری دارایی، ئازاد محەمەد ئەمین وتی، “یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی كەمبوونەوەی باج لە سنوورەكەدا پەیوەندیی بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە هەیە، كە جووڵەی بازاڕی كەمكردووەتەوە”.

ئەوەشی وت، “بە بەردەوامی بەرزی و نزمی لە داهات و باجدا هەیە، بەتایبەت داهاتی خاڵە سنوورییەكان، بەڵام سەبارەت بە باج و ڕسومات، خەڵك كە داهاتی نەبێت، كەمتر خۆی لە باج دەدات”.

سەبارەت بەوەی ئایا ئەو وتەیەی وەزیری دارایی پەیوەندیی بە نیگەرانییەكانی گۆڕانەوە هەیە لەبارەی كەمبوونەوەی دەنگەكانیان و هەوڵدان بۆ تۆمەتباركردنی یەكێتی لەو ڕووەوە؟ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، كە لە پشكی یەكێتی لەو پۆستەدایە، وتی، “پێدەچێت بەشێك لە گلەییەكان پەیوەندی بەو نیگەرانییەوە هەبێت، لەكاتێكدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوپەیمانێكی ڕاستەقینەی ئەوان بووە”.

ئازاد حەمەئەمین پێشی وایە، “ئەوان (گۆڕان) بەرەو ئۆپۆزسیۆنبوون دەڕۆن، بۆیە پێدەچێت بیانەوێت بەم میكانیزمە قسەبكەن”.

دووشەممەی ڕابردوو وەزیری دارایی و ئابوری لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەكانی باجەكان و خانوبەری میری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین لەسەر نەبوونی سیولەی سنوورەكە كۆبووەوە.

ئاوات جەناب نوری سەرەڕای باسكردن لە كێشەی كەمی كۆكردنەوەی داهات و كاریگەری لەسەر دروستبوونی گرفتی نەبوونی پارەی نەختینە و دواكەوتنی مووچە ئەوەی خستەڕوو، “هیچ كەس و لایەنێك مافی ئەوەی نییە خۆی لە باجدان بدزێتەوە لە هەمان كاتدا دەبێت فەرمانبەر بزانێت ئەركی خۆی لە خزمەتكردنی وڵات و نەتەوەكەی چییە”.

بابەتی پێشتر

لەسەرەتای ئەمساڵەوە 40 هەزار هاوڵاتیی عێراقی و کورد کۆچیانکردووە

بابەتی دواتر

ئەنگڵس.. فەیلەسوف، مێژووناس و شۆڕشگێڕی کۆمۆنیست

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: هەر رۆژنامەنووسێک بووەتە ئەندامی رۆژنامەنووسانی عێراق دەبێت لای ئێمە دەستلەکاربکێشێتەوە

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاگاداری ئەو رۆژنامەنووسانە دەکاتەوە بەبێ ئاگادارکردنەوە بوونەتە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق بە زووترین کات…
Total
0
Share