سێگردكان.. بۆ دۆزینەوەی چەكدارانی داعش هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە كێوماڵی ناوچەكە دەكەن

پاش ئەوەی چەند چەکدارێکی داعش لە شوان و شێخ بزێنییەوە بە زێی بچووک دا پەڕیبوونەوە بۆ سنووری ناحیەی سێگردکان، بەڕێوەبەری ناحیەكە دەڵێت، كێوماڵی ناوچەكەیان كردووە و بەردەوامن و تائێستا هیچ چەكدارێك نەبینراوە.

 

بە وتەی شایەتحاڵان شەوی ڕابردوو سێ چەكداری داعش لە ناحیەی سێگردكان بینراون دوای ئەوەی لە شێخ بزێنی-یەوە بە زێی بچووک دا پەڕیونەتەوە سنووری ناحیەكە كە سەر بە قەزای كۆیەیە.

فاتح حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سێگردکان ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بە بەشداری هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و خەڵكی خۆبەخش و هێزەكانی پێشمەرگە كێوماڵێكی تەواوی سنورەكەمان ئەنجامدا و تائێستاش بەردەوامە.

وتیشی، “لەمیانەی كێوماڵەكەدا كە تائێستاش لە گوندەكاندا بەردەوامە هیچ كەسێك نەبینراوە و هیچ كەسێكیش لە سنورەكەی ئێمەدا بریندار نەبووە”.

فاتح حسێن ئەوەشی خستەڕوو، “هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆمان دەستنەكەوتووە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەوان وەك مەفرەزەی پارتیزانین، دڵنیاشین كە تیرۆرستانی داعشن و لەوبەر لە شێخ بزێنی سەغلەت كراون و پەڕێونەتەوە”.

دەربارەی ئەو هەواڵانەی كە باسیان لەوەدەكرد چوونەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەك و كەسێكیشیان برینداركردووە، بەڕێوەبەری ناحیەی سێگردكان ڕایگەیاند، لە سنوری ناحیەكەی ئەوان نەبووە، پێدەچێت لە شێخ بزێنی بوبێت و ئەوان هیچ زانیارییەكیان نییە.

شێخ بزێن دەكەوێتە سنوری ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای كەركوك.

هێزەكانمان و خەڵكی ناوچەكە بە چاوكراوەیی بەدوایانەوەین و تەمشیتی سنورەكە دەكەین.

بابەتی پێشتر

ترەمپ: لە ئەمریکا ئازادیی ڕۆژنامەگەری بوونی نییە

بابەتی دواتر

ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە سوپای عێراق دەتوانێت بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share