گرۆسی: پێویستە ئێران جیهان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دڵنیابكاتەوە

دوای ئەوەی ئێران گەڕانەوەی بۆ دەستپیکردنەوەی دانوستاندنەکان سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەکەی لە کۆتایی مانگی داهاتوودا ڕاگەیاند، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵێت، هیوادارن بگەنە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یۆرۆنیوز، ڕافایل گرۆسی ڕایگەیاند، پێیانوایە کە ڕێگا دیپلۆماسییەکان ئەنجامیان دەبێت و شکستناهێنن، دەکرێت بگەنە ڕێککەوتنێکی کاتی لەگەڵ تاراندا.

جەختیشیکردەوە، پێویستە تاران دڵنایی تەواو سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بداتە جیهان بەوەی کە هیچ هەڵەیەک لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا نییە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی وزەی ئەتۆم جارێکی دیکە داوای لە ئێران کرد ڕێگە بە چاودێریکردنی وێستگە ئەتۆمییەکانی بدات لەڕێگەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێران دەتوانێت درێژە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات بەشێوەیەکی سەلامەت و ئاشتییانە لەچێوەی مەرجە دیاریکراوەکاندا، هەروەها دڵنیایی بداتە جیهان کە هیچ هەنگاوێکی نا ئاشتییانە لە بەرنامەکەیدا نییە”.

وتیشی، چاودێریکردن و پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەشێکن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015.

بابەتی پێشتر

بەرپرسی سەربازیی داعش لە حەمرین دەستگیركرا

بابەتی دواتر

بۆ بەكارهێنەرانی وەتساپ: ئاگاداری "ئەم كەسە مەترسیدارانە" بن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share