جوتیار عادل: هەنگاوەكانی حكومەت دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی نرخی بەنزین

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هەركاتێك لە توانای دارایی حكومەتدا بێت بەردەوام دەبن لە پێدانی مووچە بە ڕێژە و میكانیزمەی ئێستا ، دەربارەی بەنزینیش دڵنیایی نیشاندا لەوەی هەنگاو و میكانیزمەكانی حكومەت دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی نرخەكەی.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، دابەشكردنی مووچە لە مانگی سێی ڕابردووەوە لە تەمویلی 79%ەوە بووەتە 100% بەپێی داهاتی هەرێم كە دیارە نەوتی و نانەوتی و ئەو بڕە پارەیەیە وەك سلفە لە بەغدادەوە دەنێردرێت.

وتیشی، “هەوڵمانداوە مووچە بەڕێژەی 100% بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبكەین و ئەولەویەتی كاری حكومەتە، هەر كاتێك بتوانین و لە توانای دارایی حكومەتدا بێت بەردەوام دەبین لە پێدانی مووچە لەكاتی خۆی و بەو ڕێژەیە و میكانیزمەی ئێستا هەیە”.

دەربارەی دابەشكردنی نەوتی سپی-ش جوتیار عادل وتی، لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان دەست بە دابەشكردنی 100 ملیۆن لیتر نەوت كراوە كە لەلایەن حكومەتەوە بە نرخی پشتیوانكراو و بەبڕی 55 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێك بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێت.

بەپێی وتەی وتەبێژی حكومەت هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی 260 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە و وتی، “لەگەڵ عێراق ڕێككەوتوین 150 ملیۆن لیترمان بۆ بنێرێت” تا بە زووترین كات و لەماوەیەكی دیاریكراودا بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەكان دابەشبكرێت.

لە وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستادا دەربارەی ئەوەی ئایا كەی كێشەی بەنزین چارەسەر دەبێت، جوتیار عادل وتی، كێشەی نرخی بەنزین تەنها پەیوەست نییە بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو پەیوەستە بە نرخی نەوتی خام لەسەر ئاستی جیهان كە ئێستا گەیشتووەتە زیاتر لە 85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، ئەمەش كاریگەری لەسەر سەرجەم وڵاتان دروستكردووە، جگە لەوەی ڕێگریكردنیان لە هاوردەكردنی ئەو بەنزینەی پێشتر دەهات و زیانێكی گەورەی بە تەندروستی هاوڵاتیان و تەنانەت ژینگەش دەگەیاند یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكان.

دڵنیایی خۆیشی نیشاندا بەوەی بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ بەغداد كراوە، لەگەڵ شێوازی چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ دابەشكردنەكەی ڕۆڵی خۆی دەبێت لە كەمكردنەوەی نرخی بەنزین لە هەرێم و دووپاتیشیكردەوە، حكومەت كاریكردووە و بەردەوامیش دەبێت لەو چێوەیەدا.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران: مۆڵەت بدرێتە ئەوانەی ئامادەن سوتەمەنی بە نرخی گونجاو هاوردە بکەن

بابەتی دواتر

باشترین ئەو ڕاهێنەرانەی زۆرترین خاڵیان لە مێژوویاندا کۆکردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share