شەوی ڕابردوو سەرۆك وەزیرانی سودان ئازادكرا، ئەمریكاش پێشوازی لەو هەنگاوە دەكات.
دوای ئەوەی بەرەبەیانی سێشەممە سوپای سودان سەرۆك وەزیران و چوار وەزیری حكومەتی ڕاگوزەری سودانی دەستگیركرد، ڕووداوەكە كاردانەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، شەوی ڕابردوو عەبدوڵا حەمدۆك سەرۆك وەزیرانی سودان ئازادكراوە و گەڕاوەتەوە شوێنی مانەوەی خۆی لە خەرتووم، بەڵام تائێستا ژمارەیەك وەزیر و كاربەدەستی حكومەت لەلایەن سوپاوە دەستگیركراون و چارەنووسیان نادیارە.
لە دوای ئازادكردنی، ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ حەمدۆك ئەنجامدا و پێشوازی لەو كارەی سوپای سودان كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بلینكن داوای لە هێزە چەکدارەکانی سودان کردووە هەموو سەرکردە دەستگیركراوەكان ئازاد بكەن.
پێشتر عەبدولفەتاح بورهان، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی سودان باری نائاسایی لە وڵات و هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی ڕاگەیاند تا هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەوەش نیگەرانیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە.
لەناوخۆی سودانیش خەڵكێكی زۆر هاتنە سەرشەقامەكان و دژی هەنگاوەكەی سوپا خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.