بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەكەی وازی لە ناسناوی شاهانە و 1.3 ملیۆن دۆلار هێنا

هەردووكیان، كە تەمەنیان دەگاتە 30 ساڵ، نەریتیان شكاند بە وازهێنان لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری

شازادە ماكۆ، برازای نارۆهیتۆ-ی ئیمپراتۆری ژاپۆن، هاوسەرگیریی لەگەڵ كی كۆمۆرۆ-ی خۆشەویست و هاوڕێی سەردەمی زانكۆی كرد، بۆ ئەوەش وازی لە ناسناوی شاهانە و دەستكەوتەكانی هێنا.

ماكۆ وتی، دەیەوێت ژیانێكی خۆش لەگەڵ هاوسەرێك “كە دروست نابێتەوە” بونیادبنێت، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا كێشە لە بەیەكگەیشتنیاندا سەریهەڵدا.

شازادە لەمساڵدا تووشی دۆخێكی دەروونیی دژوار بووەوە، دوای ئەوەی هەوڵی گەیشتن بە خۆشەویستەكەی چوار ساڵی خایاند، ئابڕوچوونێكی دارایی پەیوەندیدار بە خێزانی كۆمۆرۆ ئاستەنگی بەردەمیان بوو.

لەمەودوا ناوی شازادە دەبێتە ماكۆ كۆمۆرۆ، دوای ئەوەی وازی لە ناسناوەكەی هێنا و هاوسەرگیریی لەگەڵ كەسێكی ئاسایی گشتیدا كرد، وەك ئەوەی لە یاساكانی ژاپۆندا هاتووە.
ماكۆ دەڵێت، “هاوسەرگیری بۆ ئێمە بژاردەیەكی پێویستە تا بە دڵخۆشی بژین”.

مەراسیمی هاوسەرگیرییەكە بەیانی ئەمڕۆ ئەنجامدرا، دوای ئەوەی بەرپرسێك لە ئاژانسی بەڕێوەبردنی كاروباری خێزانی ئیمپراتۆر، پەڕاوی پێویستی ڕادەستی نووسینگەی پارێزەر كرد بۆ تۆماركردنی هاوسەرگیرییەكە.

هەردووكیان، كە تەمەنیان دەگاتە 30 ساڵ، نەریتیان شكاند بە وازهێنان لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری و كورتكردنەوەی پرۆسەكە بە تەواوكردنی نووسراوە فەرمییە پێویستەكان، دوور لە مەراسیمە باوەكانی ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئیمپراتۆر، لەوانەش ئاهەنگی پێشوازیكردن.

هەروەها ماكۆ بەدەستهێنانی نزیكەی 1.3 ملیۆن دۆلاری ڕەتكردەوە، كە دەدرێتە كچانی خێزانی ئیمپراتۆریەت بەهۆی جێهێشتنی خێزان لەپاش هاوسەرگیری.

لە سەرەتادا، ڕاگەیاندنی نیشانەكردنەكە بەر لە چوار ساڵ لە ژاپۆن پێشوازیی گەورەی لێكرا، بەڵام دواتر گۆڕا بۆ دۆسیەیەكی ئابوریی پەیوەندیدار بە دایكی كۆمۆرۆ لەلایەن ڕۆژنامە ناوخۆییەكانەوە، ڕۆژنامەكان بوونە هۆی دواخستنی هاوسەرگیرییەكە.

كۆمۆرۆ لە ساڵی 2018وە ژاپۆنی بەرەو نیویۆرك بەجێهێشت بەمەبەستی خوێندنی یاسا و تا ئەیلولی داهاتوو نەگەڕایەوە وڵاتەكە.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كۆمۆرۆ وتی، ماكۆ-ی خۆشدەوێت و بەڵێنی پشتیوانی و پارێزگاریكردنی دەدات.

شارەزایان دەڵێن خێزانی ئیمپراتۆر لە ژاپۆن پلە و ئاستێكی بەرزیان هەیە، كە وادەكات هەندێك كەس قبوڵی ناكەن هیچ جۆرە لەكەیەكی دارایی یان سیاسییان بەربكەوێت.

هەردوو هاوسەر بڕیارە لە نیویۆرك بژین، دوای ئەوەی ماكۆ داخوازییەكی بۆ بەدەستهێنانی یەكەم پاسپۆرتی ژیانی پێشكەش كرد، ماكۆ خێزانەكەی جێدەهێڵێت و دەچێتە ویلایەتە یەكگرتووەكان، بەوپێیەی هاوسەرەكەی لەوێ كاردەكات.

بابەتی پێشتر

له‌ هه‌ولێر ژنێك شەش منداڵی به‌ سكێك بوو

بابەتی دواتر

پلانی پاریس بۆ جێگرتنەوەی مباپێ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share