كۆمسیۆن: 86 تانەی ڕەتكردەوە و 22 وێستگە بەدەستی ئەژماردەكرێنەوە

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت، 86 تانەی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەتكردووەتەوە و ڕەزامەندیداوە لەسەر جیاكردنەوە و ژماردنی دەستیی 22 وێستگە لە 13 پارێزگا.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت، بەردەوامە لە تاووتوێكردنی ئەو تانانەی پێشكەشی كراون و ئەمڕۆ 108-یان خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی كۆمسیاران.

ڕونیشیدەكاتەوە، پاش تەواوكردنی ڕێوشوێنە پێویستەكانی لێكۆڵینەوە لە چێوەی بەڵگە و ڕێنوێنییە بەرزكراوەكاندا، ئەنجومەن بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی 86 تانە بەهۆكاری جیاواز، كە گرنگترینیان نەبوونی بەڵگە بووە یان پێچەوانە نەبوونی بووە لەگەڵ ئەحكامی ماددەی 38/ یەكەم لە یاسای كارپێكراوی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.

كۆمسیۆن دەشڵێت، ڕەزامەندیداوە لەسەر سەرلەنوێ جیاكردنەوە و ژماردنی دەستیی ژمارەیەك لە وێستگەكان لەسەر بنەمای 22 تانە كە دابەشبوون بەسەر پارێزگاكانی (واست، سلێمانی، نەجەف، هەولێر، موسڵ، كەركوك، زیقار، ئەنبار، قادسیە، سەلاحەدین، بەسڕە، بەغداد و بابل) بەهۆی ئەوەی بەڵگەیان لەگەڵ بووە.

دەنگۆی هەندێك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش ڕەتدەكاتەوە دەربارەی ئەنجامی تانەكان و دەڵێت، ئەنجامەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە پاش ڕێوشوێنەكانی جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی دەبێت كە لە بەغداد ئەنجامدەدرێت.

بڕیارە دەستكردن بە جیاكردنەوەكە ڕۆژی چوارشەممە لە پارێزگای موسڵەوە بە ئامادەبوونی نوێنەری كاندیدان و چاودێر و میدیاكان دەستپێبكات.

بابەتی پێشتر

یانەکانی پریمەرلیگ گەلەکۆمە لە نیوکاسڵ دەکەن؟!

بابەتی دواتر

بەهۆی بردنی گازۆوە ئێرانییەك بە زیندان و جەڵد سزادەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share