چوار كاتیۆشا لە ناوچەی سەوزی بەغداد كەوتنەوە

یەكێكیان لەنزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا كەوتووەتە خوارەوە

سەرچاوە ئەمنییەكان ڕایدەگەیەنن، چوار مووشەكی كاتیۆشا لە ناوچەی سەوزی بەغداد كەوتوونەتەوە.

میدیا عێراقییەكان ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تشرینی دووەم لەسەر زاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە بڵاویانكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ بۆردومانێكی مووشەكی باڵیۆزخانەی ئەمریكای لە ناوچەی سەوزی بەغداد كردوەتە ئامانج.

بەپێی سەرچاوەكان، سێ مووشەك لە ناوچەی چادرییە كەوتوونەتە خوارەوە و مووشەكی چوارەمیش لە ناوچەی سەوز و نزیك لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا كەوتووەتەوە و دواتریش زەنگی ئاگاداركردنەوە بیستراوە.

لەماوەی نزیكەی پێنج هەفتەی ڕابردوودا ئەمە یەكەم هێرشە دەكرێتەوە سەر ناوچەكە، پاش ڕاوەستاندنی هێرشەكان لەلایەن ئەو گروپەی بە “مقاوەمەی عێراقی- بەرگری عێراقی” ناودەبرێت لە 10ی تشرینی یەكەمی ڕابردوو بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییە بیانییەكان و بەتایبەتیش ئەمریكا لە عێراق بەمەبەستی پێدانی دەرفەت بۆ كشانەوەیان لە وڵات.

“مقاوەمەی عێراقی” لایەنێكی نەناسراوە، بەڵام پێشبینی دەكرێت گروپە شیعییە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لەنێویشیاندا “كەتیبەكانی حزبوڵا” و “عەسائیب ئەهل حەق” و “بزوتنەوەی نوجەباء” بگرێتەوە.

ڕاگەیاندنی ڕاوەستانی هێرشەكان پاش هەڕەشەكانی واشنتن هات بە داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد.

بەردەوام ئەمریكا گروپە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران بە هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی لە عێراق تۆمەتباردەكات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هۆکاری هاوتانەکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازیی هەرێم لەگەڵ عێراق ئاشکراکرا

عەزیز عەلی، بەرێوەبەری خانەنشینی سەربازیی سلێمانی رایگەیاند، لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاگادارکراینەوە کە دابەشکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازی بۆ مانگی…
زیاتر ببینە

شرۆڤەکارێکی سیاسی: فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران گوێیان لە داواکەی مەسعود بارزانی نەگرت

شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی، داوایکرد هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت دوابخرێت، فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران گوێیان…
Total
0
Share