لە پێنجوێن دوو تۆمەتبار دوای دزینی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەك دەستگیركران.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی پێنجوێن دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد كە ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەكیان دزیبوو.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دوای ئەوەی بەشی پۆلیسی پێنجوێن ئاگاداركرایەوە لە ڕووداوی دزینی ئۆتۆمبێلێك، دەستبەجێ مەفرەزەكانی پۆلیسی پێنجوێن گەڕان و لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و توانرا لەکاتی دانانی بازگەیەكدا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن و دەستیشبگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا كە دزیبوویان و بەنیازبوون بیھێننە ناوشاری سلێمانی و ساغیبكەنەوە”.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، “هەردوو تۆمەتبار (ش. ك. م تەمەن 23 ساڵ و د. ب. م تەمەن 24) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە”.
ئاشكرایكردووە كە تۆمەتباران لەدوای دزینی ئۆتۆمبێلەكە و لەژێر كاریگەریی ماددە كحولییەكاندا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووبوون.