چاوپێكەوتنەكەی ڕەغد سەدام حسێن.. پەیام بوو یان ڕۆڵ؟

ڕەغد و سەدام حسێن

نوێترین دەركەوتنی ڕەغد-ی كچی سەدام حسێن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی عەرەبییە، كاردانەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەڕای ئەو پرسیارەی ئایا دەركەوتنەوەی بۆ پێدانی ڕۆڵی سیاسییە یان گەیاندنی پەیام؟ هەروەها ئامانجی ئەو كەناڵەی لەلایەن سعودیەوە پشتیوانی دەكرێت چییە؟

“هەموو شتێك ئەگەری هەیە و لە گۆڕەپانەكەدا لە بەردەستدایە، هەموو بژاردە و هەموو ئەگەرەكان” بەم وشانە ڕەغد سەدام حسێن (52 ساڵ) چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ كەناڵی عەرەبییە كۆتایی پێهێنا كە ئێوارە دوێنێ دووشەممە 15ی شوبات بەشی یەكەمی بڵاوكرایەوە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی “ئایا دەشێت ڕۆڵێكی سیاسیی دیاریكراوت هەبێت؟”.

لە چاوپێكەوتنەكەدا كە بەشێكی زۆری بەشی یەكەمی تایبەت بوو بە ژیانی كەسیی وەك كچی سەدام و یادەوەرییەكانی لە عێراق و لەگەڵ عودەی و قوسەی-ی برایدا، بەشێكی دیكەی هەڵگری پەیامی سیاسی بوو. ئەو وتی، “دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و ناوچەكەدا بە ئاشكرا دەردەكەوێت”، بەبێ ئەوەی دەستێوەردانەكانی دیكە پشتگوێ بخات. بەهەمان شێوە ئومێدی خۆیشی نیشاندا بەوەی هیچ كات نەبینێت “عێراق دابەش بووە”.

عەبدولقادر نەعناع، توێژەری سوریی تایبەتمەند لە زانستە سیاسییەكان لە فەیسبوكی خۆیەوە شیكردنەوەیەكی بۆ چاوپێكەوتنەكە كردووە و دەڵێت، ڕەغد لە سەدام ناچێت و هەرگیز هیچ توانایەكی نییە لەو بچێت، ئەو لەڕووی فیكر و گفتوگۆ و قسەكردنەوە لاوازە و دەیەوێت لە پشتی تواناكانی باوكییەوە خۆی نیشانبدات.

نەعناع پێیوایە چاوپێكەوتنەكە و ئەوەی تیای دەوترێت پێدەچێت بچێتە “خانەی خۆدەرخستنی میدیایی-سیاسی نەك زیاتر” ئاماژە بەوەشدەكات كە “هۆكارە سعودییە باوەكە، ناگاتە پلەی پشتیوانیكردنی پڕۆژەیەكی تەواو و كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی، بەقەدەر ئەوەی هاندانی ئەوانی دیكەیە و، دواتر وازلێهێنانیان، ئەمەش واتە سوتاندنی هەر پرۆژەیەكی سیاسیی ڕەغد (ئەگەر بوونی هەبێت)”.

لەو چوارچێوەیەدا میدیایەكی ئوردونی لەسەر زاری “سەرچاوەیەكی نزیك لە ڕەغد سەدام حسێن-ەوە ڕەتیكردەوە هەر نیازێكی هەبێت یان خۆپاڵاوتنی بۆ هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕابگەیەنێت”، ڕەتیشیكردەوە كچەكەی سەدام هیچ لێدوانێكی لەو بارەیەوە دابێت.

بەڵام ڕونینەكردەوە كە ئایا ڕەغد هیچ كارتێكی ڕاستەقینەی لە ناوخۆی عێراقدا هەیە كە ئاسانكار بێت بۆ یاریكردن لەهەر ڕۆڵێكی سیاسیدا.

لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا
چاوپێكەوتنەكە لەچوارچێوەی زنجیرەیەكدایە كە بڕیارە چەند شەوێك لەلایەن كەناڵی عەرەبییەوە بڵاوبكرێتەوە و بەشی یەكەمی لە پەخشی كەناڵەكە و دەقەكەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ژمارەی بینەرەكانی ملیۆنان كەسی تێپەڕاند.

ڕاستەوخۆ پاش ڕاگەیاندنی چاوپێكەوتنەكە و دوای بڵاوكردنەوەشی چەندین پرسیار ڕوبەڕووی كەناڵە پشتیوانكراوەكە لەلایەن سعودییەوە هاتەئاراوە دەربارەی “بەشەیتان كردنی” سەدام پاش داگیركردنی كوەیت و پاش هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، بۆ وێناكردنێكی “وێنەیەكی” جیاوازی سەرۆكی پێشووتری عێراق. عەبدولقادر نەعناع ئاماژە بۆ ئەم خاڵە دەكات و لە فەیسبووكەكەیەوە دەڵێت، “كەناڵی عەرەبییە دەیەوێت یادەوەری ماسی بەرجەستە بكات و، پەیامێكی تەواو جیاوازی كەناڵەكە دەربارەی سەدام بەدرێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو بگرێتەئەستۆ”.

كاردانەوەی عێراق
پاش ئەوەی كەناڵی ئەلعەربییە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕەغد كچی سەدام حسێن ئەنجامدا، لە ناوخۆی عێراق ناڕەزایی بەدواداهات.

لە نوێترین كاردانەوەدا، لیژنەی شەهیدان و قوربانیان و زیندانیانی سیاسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق كردووە، بۆ بانگهێشتكردنی باڵیۆزی وڵاتانی سعودیە و ئوردن و گەیاندنی ناڕەزایەتی لەبارەی چاوپێكەوتنەكەوە.

لیژنەكەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەكردووە، “میوانداریكردنی لەو جۆرە، سوكایەتیكردنە بە گەلی عێراق، هەروەها ئەو قوربانییانەی لەژێر دەسەڵاتی حزبی بەعسدا داویەتی”.

س: DW + ئەلعەرەبییە + تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان

بابەتی پێشتر

پارێزگارێكی پێشوو دوو سزای زیندانیكردنی بەسەردا دەسەپێندرێت

بابەتی دواتر

تورکیا: هێزەکانمان بەبێ سڵەمینەوە هێرشەکانیان بۆسەر پەکەکە ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
2
Share