پارێزگاری هەولێر و قائیمقامیەتی سلێمانی دڵنیایی لەبارەی نرخی غازەوە دەدەن

لیژنەكانی قائیمقامیەت بەردەوام چاودێریی بریكارانی دابەشكردنی غاز دەكەن

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كێشەی غاز كاتییە و پەیوەندیی بە چاكسازی لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە هەیە، قائیمقامیەتی سلێمانی-ش دەڵێت، نرخی غاز به‌رزنه‌بووه‌ته‌وه‌.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، “كێشەی ئێستای غاز كاتییە و خەڵك دڵنیادەكەینەوە هیچ قەیرانێك لەو ڕووەوە لەئارادانییە”.

وتیشی، ئەو دۆخەی ئێستا پەیوەندیی بەو چاكسازییەوە هەیە كە لە كێڵگەی كۆرمۆر دەكرێت.

بەوتەی پارێزگاری هەولێر، لیژنەكانی قائیمقامیەت بەردەوام چاودێریی بریكارانی دابەشكردنی غاز دەكەن و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا چەند بریكارێك سزادراون.

لای خۆیەوە به‌روار محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی غاز له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ڕایگه‌یاند، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌هۆی كاری چاكسازییه‌وه‌ له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر بڕی به‌رهه‌مهێنانی غازی شل (LPG) كه‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ی كه‌ ده‌هێنرێته‌ سلێمانی به‌شی پێداویستییه‌كان ده‌كات و كێشه‌ی كه‌میی غاز بۆ هاوڵاتیان و هیچ نانه‌واخانه‌ و چێشتخانه‌یه‌ك دروستنه‌بووه‌.

وتیشی، “له‌ سلێمانی (23) كارگه‌ی غاز هه‌ن‌ و به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی‌ سه‌رجه‌میان پابه‌ندكراون ئه‌و بڕه‌ غازه‌ی هه‌یانه‌ به یه‌كسانی به‌سه‌ر گه‌ڕه‌كه‌كاندا دابه‌شیبكه‌ن، هه‌ر كه‌سێكیش غاز به‌ (8 هه‌زار و (500) دینار زیاتر بفرۆشێت، ڕێكاری یاسایی توندی له‌گه‌ڵ ده‌گیرێته‌به‌ر، هه‌ربۆیه‌ ڕێگه‌نه‌دراوه‌ كێشه‌ی بڕ و نرخی غازی ماڵان له‌ سلێمانی دروستببێت”.

له‌باره‌ی وه‌رزی زستان و زۆربوونی خواست له‌سه‌ر غازی ماڵان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی غاز له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاشكرایكرد، له‌ئێستادا خواستی ڕۆژانه‌ نزیكه‌ی (10) هه‌زار بتڵ غازه‌، پێشبینی ده‌كرێت له‌ وه‌رزی سه‌رمادا ئه‌و خواسته‌ زیاتر بێت، به‌ڵام له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ كێڵگه‌ی كۆرمۆر كۆتایی دێت و بڕی به‌رهه‌م به‌ته‌واوی زیادده‌كات و پاڵاوگه‌ی بازیانیش به‌رهه‌مهێنانی زیادده‌كات، بۆیه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی بڕ و گرانبوونی نرخه‌كه‌ی له‌ زستاندا نابێت.

بابەتی پێشتر

دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت

بابەتی دواتر

ئەلیسا دەنگۆیەك لەبارەی كۆنسێرتەكەی بەغداد ڕەتدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share