دوای كاردانەوەی توركیا بەرامبەر داواكاریی باڵیۆزانی 10 وڵات بۆ ئازادكردنی عوسمان كاڤالا و قسەكردن لەسەر ئەگەری دەركردنی ئەو باڵیۆزانە، ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپی كاردانەوەی نوێیان هەیە.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، هەریەکە لە وڵاتانی هۆڵەندا، سوید و نەرویج ڕایانگەیاندووە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان لەلایەن تورکیاوە پێنەگەیشتووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج ئاشکرایکردووە، “باڵیۆزەکەمان لە تورکیا هیچ هەڵەیەکی نەکردووە کە بکرێتە بیانوو بۆ دەرکردنی”، تەنها لەبارەی مافی مرۆڤ و دیموکراسی فشاریان لە تورکیا کردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند، “ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەو پرسە هەیە (مەبەستی پرسی ئەگەری دەركردنی باڵیۆزەكەیانە لە توركیا)، هەوڵدەدەین لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە زانیاری زیاترمان پێبگات”.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا وتی، “لەگەڵ نۆ وڵاتەکەی دیکە لە گفتوگۆی چڕداین سەبارەت بەو بابەتە”.
هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، کەنەدا، نەرویج، سوید، نیوزلەندا، دانیمارک و فنلەندا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای “یەکلاکردنەوەی خێرا و دادپەروەرانەی” دۆسیەی عوسمان کاڤالایان کرد.
دوێنێ شەممە لە سەردانیدا بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند، “فەرمانم بە وەزیری دەرەوە كردووە بە زووترین كات مامەڵە لەگەڵ ڕاگەیەندراوەكەی ئەو باڵیۆزانە بكات و هەر 10 باڵیۆزەكە وەك “كەسانی ناپەسەندكراو” ڕابگەیەندرێن”.