لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گیانلەدەستانی ژینا ئەمینی کوژراو و بریندار هەن

شەوی ڕابردوو خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بوو، ئەوەش دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی “مەهسا ئەمینی” بەدەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە.

چالاکوانان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە باس لەوە دەکەن، ڕوەدوونان و گرتن و لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە، لەوبارەیەوە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە، لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراو و بریندار هەن.

بەپێی ئەو ئامارەی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پێنج خۆپیشاندەر بە گوللـەی هێزەکانی ئێرانەوە بریندارکراون.

ئەمە لەکاتێکدا جگە لە شاری سەقز کە شوێنی ژینا ئەمینییە و لەوی بە خاکسپێردرا، لە شاری سنەش خۆپیشاندان بەردەوام بوو، خۆپیشاندەران دروشمی “سەقز تەنها نییە، سنە لە پشتییەتی”یان دەوتەوە.

خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای سوتاندنی وێنەی عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و قاسم سولێمانی، داوای “ڕووخانی دیکتاتۆر”یان دەکرد.

لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکان بە لێدان و تەقە بە ناو خۆپیشاندەراندا هەوڵی بڵاوەپێکردنیان داوە.

ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵ لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ خێزانەکەیدا بە سەردانێک چوونە تاران و لەلایەن پۆلیسی ڕەوشتی تارانەوە بە بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشییەوە دەستگیرکرا، دوای ئەشکەنجەدان و لێدانی ژینا دەکەوێتە دۆخی بێهۆشییەوە و دوای دوو ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی تاران گیانلەدەستدەدات.

بابەتی پێشتر

مانگێكی دەستكردی نوێی چینی دەگاتە بۆشایی ئاسمان

بابەتی دواتر

زانکۆ لاین کارا کرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share