هەڵبژاردن لە ئەمریكا.. زیاتر لە دوو سەدە ململانێی دیموكراسی

دوو سەدە پێش ئێستا باوکی ئەمریکییەکان جۆرج واشنتن دوای زیاتر لە دەیان ساڵ خەباتی سیاسی و سەربازی و کۆکردنەوەی هێزە دژەکان، بووە سەرۆک و باوکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دوای زیاتر لە 200 ساڵ ڕۆژی 3ی تشرینی یەکەم ئەمریکییەکان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی دیکە، کە ڕەنگە جیهان جارێکی دیکە دەموچاوێکی دووبارە لە کۆشکی سپی ببینێت یان کەسایەتیییەکی جیاواز و سیاسییەکی دیکە کۆمەڵێک هاوکێشەی نوێ دەخاتە ناو ئەمریکا و جیهانەوە.

بەدرێژایی مێژووی دەنگدان لەو وڵاتە کۆمارییەکان و دیموکراتەکان دەیانەوێت سەرۆک لەوان بێت
ساڵی 1828ی زاینی، یەکەم حزب و پێدەچێت یەکەم حزبی سەرتاسەری جیهانیش لە دایک دەبێت، کە تا ئێستا چالاکی هەیە و یەکێکە لە پایە گەورەکانی هەموو هەڵبژاردنێکی ئەمریکا، ئەو حزبەش پارتی دیموکراتی ئەمریکییە، کە نزیکەی 200 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن جەیمس مێدسۆن و هاوڕێکانییەوە دروستکرا و ڕۆڵێکی کاریگەری لە نوسینەوەی دەستوور و هێورکردنەوەی دۆخی شڵەقاوی ئەوکاتی ئەمریکا هەبووە.

دروستکردنی ئەمریکا و نوسینەوەی دەستوور و ڕێکخستنەوەی دۆخی شڵەقاوی ئەمریکا دوای جەنگی ناوخۆیی، ڕێگەخۆشکەربوو بۆ دامەزراندنی چەند حزبێک کە کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئەو قۆناغە کۆبکاتەوە و بتوانێت ڕۆڵیان هەبێت لەو ئەمریکایەی کە جۆرج واشنتنی باوکی ئەمریکا بونیادی نا.

لە ساڵی 1865دا واتە 37 ساڵ دوای حزبی دیموکراتەکان ئەبراهام لینکۆڵن و هاوڕێکانی بە هەناسەیەکی نوێ و بە کۆمەڵێک ڕەخنەی جدییەوە هاتنەناو سیاسەت و حزبێکیان دروستکرد بەناوی حزبی کۆمارییەکان، کە لەو کاتەوە تا ئێستا بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردووە و یەکەم سەرۆکیان ئەبراهام لینکۆڵنە و کۆتا سەرۆکیان دۆناڵد ترەمپە کە تەواوبوونی دەسەڵاتەکەی نزیکە تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی 59یەمین گەڕی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.

45 كەس تا ئێستا لەسەر كورسی سەرۆكایەتیی ئەمریكا دانیشتوون
لەماوەی زیاتر لە دوو سەدەی مێژووی ئەمریکادا تا ئێستا 45 کەس وەک سەرۆکی ئەمریکا ماوەی حوکمداری خۆیان تەواوکردووە، کە بەشێکیان دووجار بوونەتەوە بە سەرۆک و ئەمریکییەکان هەشت ساڵ متمانەی خۆیانیان پێبەخشیووە.

جۆرج واشنتن، یەکەم سەرۆک كە بە باوکی ئەمریکییەکان ناودەبرێت
باوکی ئەمریکییەکان یەکەمین سەرۆکی ئەمریکای نوێیە بە سادەترین و خۆشەویستترین سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت، ئەو هەمیشە بڕوای بە کردار هەبوو، وتاری دەستبەکاربوونی وەک یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا تەنها 90 چرکە و 183 وشە بووە، بەهەمان شێوە لەکاتی دەستبەکاربوونی لە خولی دووەمدا جۆرج وتارەکەی کەمکردەوە و کردییە 135 وشە.

ئەمە سادەیی یەکەم سەرۆک بوو کە وایکرد، هەموو ئەمریکییەکان خۆشیان بوێت و لە کاتی مردنیدا لە ساڵی 1799 هەموو ئەمریکییەکان پێکەوە دڵگران بوون و هەستیانکرد باوکیان مردووە.

پێش لە دایکبوونی حزبی کۆمارییەکانی ئەمریکا حزبێکی دیکە توانی بە ئۆپۆزسیۆن بوونی بۆ کار و کردەوەکانی حزبی دیموکرات و سەرۆکانی دوای جۆرج واشنتن چوار سەرۆک بنێرێتە کۆشکی سپی، ئەویش حزبی ویگ بوو.

حزبی ویگ چی بوو؟
حزبی ویگ حزبێکی کاریگەر و ئەکتیڤی سەدەی نۆزدە بوو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن چەند سیاسەتمەدارێکی تازە و فکرێکی تازە بۆ بەرێوبەری و دەوڵەتداری دروستبوو، کاتێک ویگ دروستبوو ئەندریا جاکسۆن حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا و چوارەمین سەرۆکی دیموکراتەکان دەسەڵاتی هەبوو، ویگ بە ڕێککردنەوە و ئۆپۆزسیۆن بوون دژی سیاسەتەکانی ئەندریا جاکسۆن توانی هەڵبژاردن بباتەوە و لە ساڵی 1841دا ولیام هیرسۆنی کاندیدی سەرەکی خۆی بکاتە نۆیەمین سەرۆکی ئەمریکا.
ویگ توانی چوار جار کانیدی خۆی بباتە کۆشکی سپی و ببێتە سەرۆکی ئەمریکا لەدوای نەمانی توانای حزبیی ویگ، قۆناغێکی دیکە سەرهەڵدەدات کە ئەویش هاتنە ناوەوەی ئەبراهام لینکۆڵنە.

ئەبراهام لینکۆڵن، بناغەی حزبی کۆمارییەکانی بە پتەوی دانا
ئەبراهام لینکۆڵن، 16مین سەرۆکی ئەمریکا و یەکەمین سەرۆکی حزبی کۆمارییەکانە، ئەگەرچی ناوی کۆمارییەکان پێش لینکۆڵن دەبیسترا، بەڵام ئەبراهام توانی بناغەیەکی نوێ و فکرێکی تازە لە دژی دیموکراتەکان بوونیاد بنێت و ئەو ململانێیەی دروستکرد کە پاش 155 ساڵ ئێستا جۆبایدن و دۆناڵد ترەمپ سەرقاڵی هەمان ململانێی دەسەڵاتن.

لینکۆڵن بە فکرە نوێیەکی بۆ ئەوکاتەی ئەمریکا توانی لایەنگری زۆر بۆخۆی و پارەتەکەی دروستبکات، ئەو دژی بەندە فرۆشی و پێشلکردنی مافی مرۆڤ و چینایەتی گەورە قسەیدەکرد، پەیامە مرۆڤ دۆستییەکەی و توانا کارگێڕییەکەی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ڕێک و پێکی سوپا توانی لایەنگری زۆر کۆبکاتەوە.

لینکۆڵن تەنها دیموکراتەکان نەبوون کەلە دژی قسەیان دەکرد، بەڵکو کۆمارییە توندڕەوەکانیش دیسانەوە لە دژی قسەیان دەکرد، بەڵام نەیاندەهێشت قسەکانیان بچێتە چوارچێوەی بەرژەوەندیی دیموکراتەکانەوە.

لینکۆڵن توانی کۆمەڵێک یاسا بخاتە ناو یاسای بنەڕەتی ویلایەتەیەکگرتووەکانەوە، بەتایبەت دژی بەندەفرۆشی و ڕێکخستنی سەربازی و هاوسەرگیری.

کۆی ئەم چالاکی و جوڵانەی لینکۆڵن و هیلاک نەبوون لە گۆڕینی یاسا و دەوڵەتداری وایکرد، ئەکتەرێکی شانۆ بەناوی جان ویلکس بوسس لە هۆڵی شانۆی فورد بە دەمانچە لە دواوە تەقەی لێبکات و بیكوژێت.

تیرۆری لینکۆڵن کەلتورێکی هێنایە ناو ئەمریکاوە کە کوشتنی سەرۆکەکانە، لە دوای ئەبراهام لینکۆڵنەوە سێ سەرۆکی دیکە لە دیموکرات و کۆمارییەکان تیرۆرکراون.

تیرۆری سەرۆکانی ئەمریکا
لەدوای کوژرانی لینكۆڵن، جارێکی دیکە ڕوداوێکی هاوشێوە ڕویدا و 20ەمین سەرۆکی ئەمریکا جەیمس ئەبرام گارفیلدیش تیرۆرکرا.

لەدوای جەیمس 25ەمین سەرۆکی ئەمریکا بەناوی ویلیام ماک کلینی سەرۆکی ئەمریکا لە حزبی کۆمارییەکان تیرۆرکرا.

کۆتا سەرۆكی ئەمریكا كە هەمان چارەنوسی هەبووە، جۆن ئێف کەنەدی بوو، کە لە ساڵی 1963 لە مەراسیمێکدا لەگەڵ هاوسەرەکەی لە ئۆتۆمبیلێکی سەرکراوە دانیشتبوون بە قەناس سەری پێکرا و گیانی لە دەستدا.

باڵانسی هێز لەنێوان دیموکرات و کۆمارییەکان
گەرچی کەمێک ناڕێکی هەیە لەوەی دوو ویلایەت لای سەرۆك و پاڵێوراوی تەنها حزبێكی ئەمریكا بێت، بەڵام بەگشتی لە دوو ویلایەت واتە لە هەشت ساڵدا سەرۆک لای حزبێک دەمێنێتەوە و لە مێژەوە تا ئێستا ئەمە بووەتە نەریتێک لەناو هەڵبژاردنی ئەمریکادا، کە سەرۆک جارێک لە دیموکراتەکانە و جارێک لە کۆمارییەکان، بەڵام ڕێکیش دەکەوێت یەک کاندیدی کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان دوو ویلایەت واتە هەشت ساڵ سەرۆکی وڵات بێت یان دوو کاندیدی یەک حزب هەشت ساڵ وڵات بەڕێوەببەن.

ئێستا ئەم نەریتە وەک یەک ماف دەداتە جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان بتوانێت سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا بێت، چونکە هەبووە دوای چوار ساڵ لە کۆمارییەک دیموکراتێک ببێتە سەرۆک، لە هەمان کاتیشدا هاوکێشەکە بۆ دۆناڵد ترەمپی کۆمارییەکان هاوسەنگە کە بیەوێت هاوشێوەی سەرۆکانی دیکە لانیکەم وەک باراک ئۆبامای دیموکراتەکان هەشت ساڵ سەرۆک بێت.

بابەتی پێشتر

قۆناغی دووه‌می هاوكارییه‌ سه‌ربازی و لۆجیستییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ پێشمه‌رگه‌ دابه‌شده‌كرێت

بابەتی دواتر

لە كردەیەكی جیاوازی داعشدا 5 كەس لە دیالە كوژران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share