هێزە ئەمنییەكانی توركیا 15 كەسیان بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل و كاركردن بۆ دەزگاكانی هەواڵگریی ئەو وڵاتە دەستگیركرد.
میدیای توركیا بڵاویكردەوە، داواكاری گشتیی ئیستەنبوڵ تۆمەتی تێوەگلان لە سیخوڕیكردن و كۆكردنەوەی زانیاری و بەڵگەنامە و پەیوەندیگرتن لەگەڵ هەواڵگریی ئیسرائیلی داوەتەپاڵ ئەو كەسانە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە كە دوای كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی هەواڵگرییانە، حكومەتی توركیا دڵنیابووەتەوە لەوەی ئەو 15 كەسە پەیوەندییان لەگەڵ كەسانی سوری و فەڵەستینیی نیشتەجێی توركیا هەیە.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵو، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە لەبەرامبەر “كۆكردنەوەی زانیاری و بەڵگەنامەی گرنگ”دا، ئیسرائیل كۆمپانیای حەواڵە و نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی بۆكردوونەتەوە.