كۆریای باشوور لە ناردنی یەكەم مووشەك بۆ بۆشایی ئاسمان شكستیهێنا

شكستیهێنا لە دانانی مانگی دەستكرد لە خولگەكەیدا

یەكەم مووشەكی بۆشایی ئاسمان كە بەتەواوی لەلایەن كۆریای باشوورەوە دروستكراوە، شكستیهێنا لە جێگیركردنی بارەكەی لە خولگەكەیدا پاش هەڵدانی بۆ یەكەمجار، وەك ئەوەی مون جان ئین، سەرۆكی وڵات ئاشكرایكرد.

مون وتی، پرۆسەی هەڵدان و هەرسێ قۆناغی بڵاوكردنەوەی “مووشەكی كۆری بۆ هەڵدانی مانگی دەستكرد 2” سەركەوتووبوو، جیاكردنەوەی بارەكەشی تەواوبوو، بەڵام دانانی مانگە دەستكردەكە لە خولگەدا نەتوانرا جێبەجێبكرێت.

كۆریای باشوور یەكەم مووشەكی بۆشایی ئاسمانی لە دروستكراوی ناوخۆی وڵاتەكە هەڵدا بۆ جێگیركردنی مانگە دەستكردەكە، لەكاتێكدا وڵاتەكە دەیەوێت بچێتەپاڵ یانەی وڵاتانی پێشكەوتوو لەسەر ئاستی بۆشایی ئاسمان.

“مووشەكی كۆری بۆ هەڵدانی مانگی دەستكرد 2” كە بە “نوری” ناسراوە، لە وێستگەی گۆهۆنگ هەڵدرا بۆ دانانی بارەكەی كە لە تۆنێك و 500 كیلۆگرام پێكدەهات لە خولگەیەكدا لە بەرزیی 600 تا 800 كیلۆمەتر.

پرۆسەكە 10 ساڵی خایاند تا كۆریای باشوور پەرە بە مووشەكێكی سێ چینی بدات كە تێچووەكەی دوو ملیار وون (1.46 ملیار یۆرۆ)یە.

كێشی مووشەكەكە 200 تۆنە و بەرزییەكەی دەگاتە 47.2 مەتر، شەش بزوێنەری هەیە كە بە وزەی شل كاردەكەن.

كۆریای باشوور 12ـەیەمین هێزی ئابوریی جیهانە، یەكێكە لە وڵاتە زۆر پێشكەوتووەكانی بواری تەكنەلۆجیا، دیارترین كۆمپانیاكانی لەم بوارەدا گروپی سامسۆنگ ئەلیكترۆنیكس-ە، كە گەورەترین كارگەی مۆبایلی زیرەك و پارچە ئەلیكترۆنییەكانە لە جیهاندا.

بەڵام لەبواری گەشتی ئاسمانیدا دواكەوت، كە بوارەكە سەرەتا یەكێتیی سۆڤیەت بە هەڵدانی یەكەم مانگی دەستكرد لە ساڵی 1957 كردیەوە و بەدوایدا ئەمریكا هات.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

ئامادەكاری بۆ بەڕێوەچوونی یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: ئێمەش نازانین بۆچی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەستپێناكەنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share