ڕوسیا، سەربازگەیەكی چەكدارانی سوریی نزیك لە توركیا-ی بۆردومانكرد و دەیان لەو چەكدارانەی كوشت كە توركیا بە نیازبوو ڕەوانەی بەرەكانی جەنگی قەرەباغ-یان بكات.
“ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ” ئاشكرایكرد، “فڕۆكەكانی ڕوسیا، گرووپی “فەیلەق شام”یان لە باكووری خۆرئاوای ئیدلب بۆردومانكردووە و نزیكەی 80 چەكدار كوژراون و زیاتر لە 90ی تر برینداربوون. ئەمەش یەكەم جارە لەوەتەی ڕوسیا لە 2015وە دەستوەردانی سەربازی لە سوریا دا كردووە، ژمارەیەكی هێند زۆر چەكداری توندڕەوی نزیك لە توركیا بكوژێت.”
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی “ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ” بڵاویكردوونەتەوە، ئەو شوێنەی بۆردومانكراوە، سەربازگەی ئەو چەكدارانە بووە، كە مەشقیانپێكراوە بۆ ئەوەی توركیا بیاننێرێت بۆ قەرەباغ لەپێناو شەڕكردن هاوسەنگەری سوپای ئازەربایجان لە دژی ئەرمینیا.
نیك هیراس، توێژەر لە “ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی جەنگ” لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆی ڕوسیا-وە دەڵێت، “ڕوسیا پەیامێك دەدات بە توركیا، پێی دەڵێت بەكارهێنانی چەكدارانی سوریا لەو ململانێیانەی كە ڕوسیا و توركیا دژ بە یەكترن، دەرئەنجامی نەخوازراوی دەبێت.”