بەدەل بەرواری ئازادكرا

بەدەل بەرواری

مامۆستا بەدەل بەرواری یەكێك لە چالاكوانە بەندكراوەكانی بادینان ئازادكرا و كەمێكی دیكە دەگاتەوە دهۆك و پارێزەری چالاكوانان دەڵێت، ماوەی بەندكردنەكەی لە ئاسایش بۆ ئەژماركراوە و بەهۆیەوە بڕیاری ئازادكردنی دەچووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ مامۆستا بەدەل بەرواری، یەكێك لە چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر بەندكردن و بەهۆی تەواوكردنی حوكمەكەیەوە كە دوێنێ بەسەریدا سەپێنرا، ئازادكرا.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی بەندكراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن دادوەرەوە نوسراوی ئازادكردنی مامۆستا بەدەل بەرواری دەرچوو.

وتیشی، “ئەو ماوەی 36 ڕۆژەی لە زیندانی ئاسایش بووە، ئەمڕۆ بۆی ئەژماركرا و بەمەش ماوەی سزاكەی تەواوكرد و بڕیاری ئازادكردنەكەی دەرچوو”.

بڕیارە سبەی دادگا سەبارەت بە كەیسی ئومێد بەرۆشكی-ش بڕیاربدات، وەك ئەوەی بەشدار حەسەن ئاماژەی پێدا و وتی، “بەڵام ئومێد بەرۆشكی ئازادناكرێت بەهۆی ئەو كەیسەی لە دهۆك هەیەتی و بەهۆیەوە سزادراوە”.

دوێنێ لە دادگای هەولێر دادگاییكردنی بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، چالاكوانانی بەندكراوی بادینان بەرێوەچوو، دادگا بڕیاریدا ماددەی تۆمەتباركردنی هەردووكیان لە 156ی یاسای سزادانی عێراقییەوە، كە تایبەتە بە تێكدانی ئاسایش و ئارامی، بگۆڕێت بۆ ماددەی 222ی سزادان، كە تایبەتە بە تێكدانی بەڵگەنامەی گەیشتن بە ڕاستی.

دواتر دادگا سزای زیندانیكردنی یەك ساڵی بەسەر بەرواری و بەرۆشكیدا سەپاند، كە هەردووكیان سزاكەیان بەسەربردووە.

دەربارەی دانیشتنەكەی دوێنێی دادگا تیمی کوردستانی عێراقی ڕێكخراوی تیمی ئاشتیخوازی مەسیحی (Christian Peacemaker Teams) ڕاگەیەنراوێكی بە هەردوو زمانی كوردی و ئینگلیزی بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، وەک تیمی (سی پی تی) گوێبیستی هیچ بەڵگەیەکی پێشکەشکراو نەبووین کە بەشێوەیەک لە شێوەکان بیسەلمێنێت بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی تێوەگلابن لە هاندانی خەڵک و پلانڕێژیان کردبێت بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندانی توندوتیژانە.

دەشڵێت، ئەو بەڵگەیەی کە ئەنجومەنی ئاسایش پێشکەش بە دادگای کرد بریتی بوو لە ئاڵوگۆڕی پەیامی دەنگی نێوان بەدەل بەرواری و شێروان شێروانی، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامە دەنگیەکە سەلمێنەری ئەوە بوو کە بەدەل بەرواری تەنیا خواستی ڕێکخستنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هەبووە و داکۆکی لە مافی مرۆڤ کردووە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

تیمەكە بەڵێنی ئەوە دەدات كە هاوسۆز لەگەڵ زیندانی بادینان و خانەوادەکانیاندا دەمێنێتەوە و هاوشان لەگەڵیاندا داوا لە دادگاکان دەکات بۆ هەنگاونانی زیاتر بەمەبەستی دڵنیاییدان لە پاراستنی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

ڕۆژی 15ی ئایاری ساڵی ڕابردوو، یەك ڕۆژ پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، كە ڕێکخەرانی سەرەکیی گردبوونەوەکە بوون، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکران.

بابەتی پێشتر

لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار و پارێزگاری كەركوكەوە زانیاریی نوێ ئاشكرادەكرێت

بابەتی دواتر

بەهۆی وشكبوونەوە عێراق چاندن بۆ نیوە كەمدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
14
Share