پارتی: كشانەوە لە حكومەت هیچ سوودێكی بۆ گۆڕان نابێت

لۆگۆی پارتی و گۆڕان

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، هێشتا زووە باس لە پرسی پلە و پۆست لە بەغداد بكەین و ئەوەی ئەوان پەلەیان لێی هەیە دانانی بەرنامەیە، دەربارەی ئەگەری كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕانیش لە حكومەتی هەرێم دەڵێت، “دڵنیام” هیچ سوودێكی بۆ گۆڕان نابێت.

جەعفەر ئیمنكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، وەك پارتی دەمانەوێت بە بەرنامەیەك كە سەرجەم لایەنەكان بەشداربن تیایدا بگەڕێینەوە بەغداد، چونكە ئەركی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان ئەمجارە قورسە، بەهۆی ئەوەی بارودۆخ گۆڕاوە، هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و عێراق گۆڕاون.

وتیشی، “لە هەرێمی كوردستان دڵنیام هاوسۆزی و هاوڕایی نیشتیمانی هەیە كە دەبێت كورد ئەمجارە خۆی باشتر حازربكات كە دەچێتە بەغداد، وەك جاران نەبێت و پەرتەوازە نەبێت”.

ئیمنكی بەشداریكردن یان نەكردنی لایەنە كوردییەكانی لە حكومەتی داهاتوو بە ئاسایی ناوبرد و وتی، “بەڵام گرنگە لە پرسە ستراتیژییەكان كورد یەكدەنگبێت”.

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئێستا كە ئایا پارتی لەنێوان هەردوو بەرەی ئێستای سەدر و مالكی لەگەڵ كام بەرەیە دەبێت؟، وتی، “ئێمە لەگەڵ بەرەیەك نابین بەجیا، ئێمە دەمانەوێت شیعەكان لەنێو خۆیان گرفتەكانی خۆیان چارەسەربكەن، گەورەترین فراكسیۆن بە یەكڕیزیی ناوماڵی شیعە بێتە پێشەوە، ئەوكات ئێمە دەچینە پێشەوە، بەڵام ئەگەر پێش ئەوانە بكەوین و بكەوینە ناو ناكۆكییەكانی شیعە، ئەوە ئەركی لایەنە كوردستانییەكان نییە و وەكو پارتی هەڵبژاردنی ئێمە نین و بەوشێوەیە بەشداری لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت ناكەین”.

دەربارەی ئەوەی دەوترێت پارتی ڕێككەوتن یان لێكتێگەیشتنی هەیە لەگەڵ ڕەوتی سەدر، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی ئاشكرایكرد، ئەو لێكتێگەیشتنە ماوە، لێكتێگەیشتنێكی دیكەشیان لەگەڵ فەتح هەیە، لێكتێگەیشتنێكی “باش”یشیان لەگەڵ مالكی هەیە، بەڵام بەوتەی خۆی “پێكهێنانی هاوپەیمانی بۆ دروستكردنی حكومەتی فیدڕاڵی ئەوە پرسێكی دیكەیە و پرۆسەیەكی ترە”.

ڕۆژی یەكشەممە شاندێكی باڵای پارتی سەردانی سلێمانی كرد و لەگەڵ یەكێتی و ژمارەیەك لە هێزە سیاسییەكان كۆبووەوە، دەربارەی ئەوەی ئایا لەگەڵ یەكێتی گەیشتوون بە هیچ ئەنجامێك دەربارەی چوونە بەغداد و ڕای پارتی چییە لەسەر پرسی پۆستی سەرۆك كۆمار؟ كە دەوترێت ئەمجارە پارتی كاندیدیشی دەبێت بۆ ئەو پۆستە، ئیمنكی وتی، هاتنی شاندەكە بۆ سەردان و بەسەركردنەوە بووە و بۆ كۆبوونەوە نەبووە.

دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆماریش ئەوەی خستەڕوو، “پرسی پلە و پۆست لە بەغداد و سەرۆك كۆمار ئەمانە هەموو هێشتا زووە باسی لێبكەین، ئێمە پەلەمان لەو پرسە نییە، پەلەمان لەسەر دانانی بەرنامەیە، بەرنامەیەكی كوردستانی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان”.

لە وەڵامی كۆتا پرسیاریشدا دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن لە حكومەتی هەرێم، لەكاتێكدا پارتی ڕێككەوتنی لەگەڵ ئەو حزبە هەیە، ئایا بۆچوونیان لەسەری چییە؟، بەرپرسەكەی پارتی وتی، “هیچ كۆمێنتێكمان لەسەر ئەوە نابێت، ئومێدەوارین كشانەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبێت، چونكە ئەوە دڵنیام هیچ سوودێكی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نابێت”.

بابەتی پێشتر

ئەو كەسەی نانەواكەی بریندارکرد دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

ڕایۆلا لەگەڵ سیتی دەست بە دانوستاندن دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەفر رێگەی بیارە – تەوێڵەی گرتووە

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەڵەبجە، شۆفێران ئاگاداردەكاتەوە لەوەی بەهۆی بارینی بەفری زۆرەوە، رێگەی سەرەكیی بیارە – تەوێڵە گیراوە. لە ئاگادارینامەیەكدا…
Total
0
Share