گرژییەكان گەیشتنە بانگهێشتكردنەوەی باڵیۆز
ئۆكوس پەیوەندیی فەرەنسا و ئەمریكا بەكوێ دەگەیەنێت؟

باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە ویلایەتە یەكگرتووەكان

ڕێككەوتنێكی سەربازیی تایبەت بە هێزی دەریایی، بەدیاریكراوی پەیوەست بە ژێردەریایی ئەتۆمی، پەیوەندییەكانی فەرەنسای لەگەڵ ئەمریكا و ئوسترالیا بردووەتە دۆخێكی نیگەرانكەر، گەیشتوەتە ئەوەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بڵێت، “باڵیۆزەكانمان لە ئەمریكا و ئوسترالیا دەكشێنینەوە” و كۆشكی سپی-یش نیگەرانی دەردەبڕێت.

چەند ڕۆژی ڕابردوو، هەریەكە لە ئەمریكا، بەریتانیا و ئوسترالیا ڕێككەوتنێكیان ئاشكراكرد، كە لە بواری هێزی دەریاییدایە و بڕیارە هەریەكە لە واشنتۆن و لەندەن، ژێردەریایی ئەتۆمی بۆ سیدنی دروستبكەن.

ڕێككەوتنەكە لە دیدارێكی ئۆنلاینی هەریەكە لە سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی ئەمریكا، بەریتانیا و ئوسترالیا ئاشكراكرا و ناونراوە (AUKUS)، كورتكراوەی ناوی هەرسێ وڵاتەكە بە ئینگلیزی.

هەرچەندە ڕێككەوتنەكە تەنها بۆ هێزی دەریایی و بەتایبەت بۆ ژێردەریاییە، بەڵام پێشبینیدەكرێت هەماهەنگیی سەربازیی نێوان هەرسێ وڵات زیاتر بكات.

لە دیدارە ئۆنلاینەكەدا جۆ بایدن وایڕاگەیاند، كە هەرسێ وڵات ماوەیەكی دوور و درێژە هاوبەشی یەكدی بوون، بەڵام ڕێككەوتنەكە “هەنگاوێكی دیكەی مێژووییە بۆ بەهێزكردن و بەفەرمیكردنی هەماهەنگییەكان”.

بە قسەكانی بایدن-دا دەركەوت، كە ئامانجی سەرەكیی ڕێككەوتنەكە “پێویستیی چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە زەریاکانی هیندی و هێمن”، بۆیە بەشداریپێكردنی ئوسترالیا لە ریككەوتنەكە و دەستگیرۆییكردنی لەلایەن ئەمریكا و بەریتانیاوە، هەروەها ناوهێنانی “سەقامگیریی زەریاکانی هیندی و هێمن”، بێ سێ و دوو چین دەهێنێتە ناو هاوكێشەكەوە.

ڕێككەوتنەكە بۆ بەریتانیای دوای برێگزت-یش گرنگە، بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا وایدانا كە بەریتانیا هەلێكی نوێی لەبەردەم دەبێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە پێشكەوتنە تەنكەلۆژییەكان، ئەمە جگە لە گرنگیی زیاتر نزیكبوونەوەی لەندەن، لە واشنتن و سیدنی.

هەر زوو نیگەرانیی فەرەنسا بەرامبەر بە ڕێككەوتنەكە دەركەوت، بەوپێیەی لە ساڵی 2016، ئوسترالیا ڕێككەوتنێكی لەگەڵ فەرەنسا كردووە بۆ ئەوەی پاریس ژێردەریایی بۆ بەرهەمبێنێت، بەڵام بەم ڕێككەوتنە نوێیە، ئوسترالیا پشتی لەڕێككەوتنەكەی پێشووی كرد.

ئەوكات جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕێككەوتنەكەی بە “خەنجەر لە پشتی فەرەنسا” وەسفكرد، ڕەخنەی ئەوەشی لە ئیدارەی نوێی ئەمریكا گرت، كە ئەم رەفتارەیان لە ئیدارەكەی دۆناڵد ترەمپ دەچوو.

بەڵام نوێترین كاردانەوەی فەرەنسا، كە بەهەمانشێوە لە زاری لۆدریان-ەوە ئاشكراكراوە، دەریدەخات كە پێدەچێت ئاستی گرژییەكان باڵاتر بن و پەرەی زیاتر بسێنن.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، فەرەنسا باڵیۆزانی وڵاتەكەی لە هەریەكە لە ئەمریكا و ئوسترالیا دەكشێنێتەوە، بەوپێیەی واشنتن بێ گەڕانەوە بۆ پاریس ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ سیدنی كردووە.

لۆدریان دەشڵێت، بڕیاری كشاندنەوەی باڵیۆزەكان لە واشنتن و سیدنی، كە “بەپەلە جێبەجێدەكرێت”، دوای ئەوە دێت كە جدییەتی ئەمریكا و ئوسترالیا لە ڕێككەوتنەكەی 15ی مانگ دەركەوت.

لە قسەكانی 15ی مانگی هیچ كام لە بەرپرسەكانی ئەمریكا، بەریتانیا و ئوسترالیا ناوی چین نەهات، بەڵام قسەكردن لەسەر ئاسایشی زەریاكانی هیندی و هێمن، بێ هیچ دوودڵییەك چین دێنێتە ناو پرسەكەوە، بۆیە هەر ئەوكات پەكین ئیدانەی ڕێككەوتنەكەی كرد و بە هەنگاوێكی نابەرپرسانە وەسفیكرد، پێی وایە سەقامگیریی ناوچەکە دەشێوێنێت.

كۆشكی سپی لە یەكەم كاردانەوەیدا نیگەرانی خۆی لە كشانەوەی باڵیۆزی فەرەنسا لە وڵاتەكەی نیشاندا. ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری بەرپرسێكی كۆشكی سپی وتی، “پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشە فەرەنسییەكانمان دەیكەین دەربارەی بڕیاری بانگێشتكردنەوەی باڵیۆزی فەرەنسا و پابەندین بە چارەسەری ناكۆكییەكان لەگەڵ فەرەنسا لە ڕۆژانی داهاتوودا”.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی زیندانیكراوێكی بادینان تێكچووە

بابەتی دواتر

خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕێكخستنەوەی میدیای یەكێتی.. كۆتاییهێنان بە ژەهری میدیای ئاستنزم و بەهەدەردانی دەیان ملیۆن دۆلاری خەڵك

لەچوارچێوەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەناو یەكێتیدا “بڕیاریان لێدراوە و بێ دوودڵی جێبەجێدەكرێن”، ڕێكخستنەوەی میدیای حزبەكە و هەموو ئەو میدیایانەی…
Total
0
Share