وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم ئاشكرایدەكات، بەغداد ئەمڕۆ پارەی بەشێکی دیکەی گەنمی جوتیارانی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ بەغداد قۆناغی پێنجەمی دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی ڕەوانەی هەولێر كردووە كە بڕەکەی دوو ملیار و 67 ملیۆن دینارە.
ڕوونیشكردووەتەوە، بڕی پارەکە بۆ هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە خەرج دەكرێت:
ملیارێک و 190 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی
762 ملیۆن دینار بۆ هەولێر
115 ملیۆن دینار بۆ دهۆک
بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم، مانگی ڕابردوو بەغداد بەشی چوارەمی شایستەی دارایی جوتیارانی ڕەوانەکردبوو، بەوەش کۆی گشتی ئەو پارەیەی تائێستا لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە زیاتر لە 19 ملیار دینارە.
بەڵام كۆی ئەو گەنمەی کە جوتیارانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی حکومەتی عێراقیان کردووە، بە نزیکەی 65 ملیار دینار خەمڵێندراوە.