پەرلەمانتارانی كەركوك بۆ یەكلاكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردنی شارەكە كۆدەبنەوە

بۆ یەكلاكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك بڕیارە سبەی پەرلەمانتارانی شارەكە كۆببنەوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، پێشنیارێكیان سەبارەت بە كورسییەكان كردووە و زیاتر لایەنی توركمان ناڕازین.

بڕیارە سبەی چوارشەممە 28ی تشرینی یەكەم پەرلەمانتارانی نوێنەری پێكهاتەكانی كەركوك كۆبوونەوەیەك بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی بازنەكانی هەڵبژاردنی شارەكە ئەنجامبدەن.

جەمال شكور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تائێستا لەسەر بازنەكانی كەركوك نەگەیشتووین بە ڕێككەوتن و لە ئامادەكارییداین بۆ ئەوەی سبەینێ لە كۆبوونەوەیەكدا یەكلایبكەینەوە.

دەربارەی كرۆكی كێشەی نێوان پێكهاتەكانیش وتی، “كەركوك كراوە بە سێ بازنەوە، پێشنیاری ئێمە ئەوەیە بازنەیەك كە زۆرینەی عەرەبە بكرێتە سێ كورسی، بازنەی دووەم كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن بكرێتە پێنج كورسی و بازنەی دواهەمینیش كە دانیشتووانەكەی لە سەرجەم پێكهاتەكانی تیایە كراوەتە چوار كورسی”.

جەمال شوكر ڕوونیشیكردەوە، لە بەرامبەردا پێشنیاری لایەنی توركمانی ئەوەیە كە ناوچە كوردییەكە بكرێتە چوار كورسی و ناوچە تێكەڵەكە بكرێتە پێنج كورسی، كە ئەمەش نەگونجاوە چونكە دابەشكردنەكە پێویستە لەسەر بنەمای چڕی دانیشتووان بێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، “لایەنی توركمانی ژمارەی كەمە و دەیەوێت بەو جۆرە ژمارەی كورسییەكانی زیاد بكات”.

شەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بازنەی هەڵبژاردنی 16 پارێزگای یەكلاكردەوە، جگە لە پارێزگاكانی كەركوك و موسڵ، شەوی ڕابردووش بازنەكانی پارێزگای موسڵ دەنگی لەسەردرا و بەمەش لەنێو 18 پارێزگاكەدا تەنها كەركوك ماوە كە بۆ یەكلاكردنەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو دیاریكراوە.

دابەشكردنی پارێزگاكان بۆ چەند بازنەیەك، بەپێی هەمواری یاساكەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا لە عێراق پەیڕەودەكرێت.

بابەتی پێشتر

هەردوو فراكسیۆنی سەوز و زەرد سەبارەت بە لێبڕینی موچە دەدوێن

بابەتی دواتر

ئێران لە جیهاندا دووەم وڵاتە لەڕووی زۆری ژمارەی دووپشک و ماری ژەهراوییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share