پێنج مەرجی ئێران بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان و گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی

گفتوگۆکانی ڤیەننا سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی

لە چەند ڕۆژ و هەفتەی ڕابردوودا ئێران سووربووە لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی، بەڵام دوێنێ تاران بەشێوەیەکی دیاریکراو مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی 2015 ئاشکراکرد.

مەرجەكان لە زاری ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە ئاشكراكران، سەرەكیترینیان بریتییە لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکە لەلایەن ئەمریکاوە، وەک هەنگاوێك بۆ پیشاندانی نیازپاكی.

سیاسەتی حکومەتی نوێی ئێران پشت بە سێ بەڵگەنامە دەبەستێت بۆ بڕیارەکانی سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، یەکەمیان نامەی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەرۆکی پێشووی ئێران حەسەن ڕوحانی، سەبارەت بە کاری گشتگیر لەسەر “ڕێککەوتنی ئەتۆمی”.

بەڵگەنامەی دووەم، “پلانی کاری ستراتیژییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سزاکان” کە لە 2ی کانونی یەکەمی 2020 پەرلەمانی ئێران بڕیاری لەبارەوە دا.

سێیەم بەڵگەنامەی پشتپێبەستراو لێدوانی ڕێبەری باڵایە لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، كە هەر تایبەتبوو بە دۆسیەی ئەتۆمی و رێككەوتنەكە.

ئێرانییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ڤیەننا پەیوەستن بە پێنج مەرجەوە و سوورن لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.

ئەوەی تایبەتە بە مەرجی یەكەم، ئیران بەردەوام ڕەتیکردووەتەوە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ڕابگرێت، دەڵێت، تاوەکو سزاکان هەڵنەگیرێت بەردەوام دەبێت لەسەر پێشێلکردنی بەندەکانی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە “پلانی کاری هاوبەشی گشتگیر” و بەرزکردنەوەی توانا ئەتۆمییەکانی.

ئێران لەسەرەتاوە ڕایگەیاند، ڕازی نییە بە ڕاگرتنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی و مەرجی “پابەندبوونی بەرامبەر پابەندبوون”ی هەبوو، واتا هەر هەنگاوێکی ئێران بەرامبەر هەنگاوێکی ئەمریکا.

مەرجی دووەمیش، ئێران ڕەتیکردەوە پابەندبێت بەو خشتەی كاتەی بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی خرایەڕوو، هەروەها ئەو ماوەیەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا لەوبارەیەوە دیاریکرابوو، کە ساڵی 2023یە، هەروەها بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆتاییپێهێنانی لە ساڵی 2025.

تایبەت بە مەرجی سێیەم، هەندێک لە زانیاری و ڕاپۆرتەکان باس لەوەدەکەن، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لە هەوڵی دانانی بەندێکدان بۆ پابەندکردنی درێژخایەنی ئێران بە هەوڵنەدانی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام تاران دەیەوێت ئەو خشتە زەمەنییەی پیشتر بۆیدانرابوو گۆڕانکاریی تێدابکات.

مەرجی چوارەمی ئێران، پەیوەستە بەو سزایانەی لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تیرۆر بەسەریدا سەپێنراوە و تاران دەڵێت، سەرجەم ئەو سزایانەی لەدوای ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە بەو بیانووانە سەپێنراون، پیشێلکردنی ڕێککەوتنەکەیە و دەبێت هەڵبگیرێت.

لەوبارەیەوە شاندی دانوستانکاری ئێران لە گفتوگۆکانی ڤیەننا داوای هەڵگرتنی سەرجەم سزاکان ناکەن، بەڵکو داوای هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەکەن کە دوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەپێنراون.

هەر لەناو مەرجی چوارەمدا، ئێران دەیەوێت ئەوە جێبکاتەوە کە گرەنتیی هەبێت جارێکی دیکە ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە ناکشێتەوە.

بەڵام مەرجی پێنجەم، کە گرنگترین مەرجی ئێرانە، هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئێرانە.

ئێران پێشتر لەڕێگەی حەسەن ڕوحانی و ئێستاش ئیبراهیم ڕەئیسی-یەوە جەختدەکاتەوە، ئەگەر دەیانەوێت ئێران بگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردن لە “پلانی کاری هاوبەشی گشتگیر”، دەبێت سەرجەم سزاکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن.

ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش جەختیکردەوە، بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی چاوپۆشی لە مەرجی هەڵگرتنی سزاکان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە ناکات و سوورە لەسەری.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی عێراق هۆشداری لە شەپۆلی چوارەمی كۆرۆنا دەدات

بابەتی دواتر

زانكۆی ڕاپەڕین بەستنی ماسكی كردە ناچاری

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share