وەڵامی حكومەت بۆ پەرلەمانی كوردستان لە بڕگەی تایبەت بە پرساندنی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری دارایی بە دەنگی 81 پەرلەمانتار پەسەندكرا.
پرۆسەی پرساندنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بەشێوەی غیابی دەستیپێکرد.
لە دەستپێكی دانیشتنەكەدا ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “پرۆسەی پرساندنی هەریەکە لە سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی و وەزیری دارایی بە پشتبەستن بڕیارێکی پێشتری دادگای فیدراڵی عێراق کە تێیدا هاتووە، ئەگەر بەرپرسێکی حکومەت بە ویستی خۆی دەستبەرداری مافی بەرگریکردن لە خۆی ببێت، دەتوانرێت بە شێوەی غیابی پرساندنەکەی ئەنجام بدرێت”.
لەمیانەی دانیشتنەكەدا دەقی وەڵامی مەسرور بارزانی، لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە خوێندرایەوە و پاش تاوتوێكردن و وەڵامی بەشێك لە پەرلەمانتاران بە دەنگی 81 پەرلەمانتار پەسەندكرا.
بەهەمان شێوەی دەقی وەڵامی قوباد تاڵەبانی، لەلایەن هێمن هەورامییەوە خوێندرایەوە و لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پەسەندكرا و بەمەش لێسەندنەوەی متمانە لە بەرپرسانی حكومەت ڕەتكرایەوە.