یەپەگە: مەترسیی ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی عەفرین هەیە

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) مەترسی بەرپاكردنی هێرشێكی نوێ بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان دەخاتەڕوو و پێشبینیدەكات هێرشەكە لەڕێگەی ڕێككەوتنێكی هاوشێوەی ئەوەی لە عەفرین كرا بەرپابكرێت.

نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێیوایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا شەڕ ڕابگەیەنێت و جارێكی تر توركیا پەلاماری ڕۆژئاوای كوردستان بدات.

ئەو كاربەدەستەی یەپەگە بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووە، “دەوڵەتی تورک بەتەنها لە ئازەربایجان و عێراق و لیبیا نەوەستاوە بەڵکو دەیەوێت سنووری تورکیا تێبپەڕێنێت و سەڵتەنەیەکی ئەردۆغانی بنیاتبنێت”.

بەپێی وتەی نوری مەحمود، “لە ناوخۆی تورکیا چەندین قەیران هەن، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا و گەلی تورکیا بە گشتی دەیانەوێت سیستمی فاشیست و جیهادیست بگۆڕن، بۆیە بۆ ئەوەی ئەردۆغان لەسەر پێ بمێنێتەوە تەنها سیاسەتی شەڕ پەیڕەو دەکات”.

نوری مەحمود وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێیوایە “مەترسییەک هەیە کە ئەردۆغان دۆخێکی شەڕ ڕابگەیەنێت تاوەکو دۆخێکی نائاسایی لەناوخۆی تورکیاش ڕابگەیەنێت، بۆیە لە دەرەوەی شەڕ شتێک لەدەستی دەسەڵاتی ئەردۆغان نەماوە”.

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەتی سوریا لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیادا، وتەبێژی یەپەگە دەڵێت، “حکومەتی دیمەشق لەبەرامبەر ئەم بەرپرسیارێتییەدا نییە، چونکە ناتوانێت بڕیاریکی سەربەرخۆ بدات و نایەوێت چارەسەر بۆ دۆخی سوریا فەراهەمبێت، حکومەتی سوریا لەژێر کاریگەریی بەرژەوەندیی ڕوسیا و ئێران مامەڵە دەکات”.

لەبارەی هەڵوێستی ڕوسیاشەوە نوری مەحمود ڕایگەیاندووە، ڕوسیا هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ دۆخی سوریا نەناوە، بەر لە بەرژەوەندیی گەلی سوریا، بەرژەوەندیی خۆی لەبەرچاو دەگرێت، مەترسی و پێشبینی ئەوەش دەکرێت هاوشێوەی عەفرین ڕێککەوتنێک بکرێت.

وتەبێژەكەی یەپەگە جەختدەكاتەوە كە هیچ کاتێک هێرشیان بۆسەر هیچ لایەنێک نەکردووە، بەڵام هیچ کاتێکیش “داگیرکاریی چەتە و داعش و قاعیدە و پاشماوەکانی تیرۆری نزیک لە ئەردۆغان و تورکیا” قبوڵ ناکەن.

بابەتی پێشتر

کوردێک وەک ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران هەڵبژێردرا

بابەتی دواتر

یەكێتی و پارتی یەكەم هەنگاوی یەكڕیزییان نا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاوات شێخ جەناب: هەموو پشتیوانییەكی كەرتی تایبەت دەكەین بۆ بوونیادنانی ئابورییەكی نیشتمانی

وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، “هەموو پشتیوانییەكی كەرتی تایبەت دەكەین بۆ بوونیادنانی ئابورییەكی نیشتمانی”. بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم…
Total
0
Share