حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پەیامبەری ئیسلامەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “لەم یادە مەزنەدا داوا لە هاوڵاتییان دەکەین، خۆپارێزی بکەن، چونکە ڕۆژ بەڕۆژ قوربانیانی کۆرۆنا زیاتر دەبن”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، “بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (درودی خوای لەسەر بێت)، پیرۆزباییەکی گەرم لە تەواوی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، هیوادارین ئەم یادە ببێتە مایەی بەهێزتر بوونی بنەماکانی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵ کردن لە هەرێمی کوردستان”
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا ڕووی لە هاوڵاتیانی هەرێم کردووە و داوادەکات، “لەم یادە مەزنەدا، داوا لە تەواوی هاونیشتمانیانی خۆشەویست دەکەین، زیاتر پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا بن و ئەو کەسانەیش کە تاوەکو ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە بچن بۆ بنکەکانی تەندروستی و ڤاکیسن وەربگرن، تاوەکو خۆمان و ئازیزانمان بە دوور بگرین لەو پەتایە، چونکە تاوەکو ئێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی هاونیشتمانیان و رۆژ بەڕۆژیش ژمارەی تووشبووانی و قوربانیانی زیاد دەکات”.
ماوەی مانگێکە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم ڕوو لە هەڵکشانە و دوێنێش تەندروستیی ڕاپەڕین لەبارەی ئاماری تووشبووانەوە زەنگی مەترسی لێدا.