قەیرانی لیرەی تورکی بەردەوامە و ئەردۆغان بە تۆمەتباری سەرەكی دەزانرێت

حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا سەرزەنشتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکەن بەهۆی دابەزینی بەردەوامی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر دراوە بیانییەکان، تۆمەتباری دەکەن بەوەی هۆکاری داڕمانی نرخی لیرەیە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئابوری و دەستوەردانە بەردەوامەكانی لە بانكی ناوەندیی توركیا.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرەی تورکی ڕێژەی 19%ی بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لەدەستداوە، لەکاتێکدا ئەردۆگان لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەڵێنی باشترکردنی ژێرخانی ئابوریی وڵاتەکەی و گەشەسەندنی ئابوریی تورکیای دەدا.

لەئێستادا 100 دۆلاری ئەمكریكی بەرامبەر 928 لیرەی توركییە و ئەوەش نزمترین نرخە لەمێژووی دراوی نیشتمانیی توركیدا بەرامبەر بە دۆلار تۆماریبكات، پێشبینیی دابەزینی زیاتریشی دەكرێت.

گۆرسەل تەکین ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەپشکی پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە، کە حزبی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە ڕایگەیاند، “دوورخستنەوەی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی لیرەی تورکی و تەنانەت ڕاگرتنی نرخەکەی بە جێگیری نەبوو”.

ئەو پەرلەمانتارەی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەڵێت، “چارەسەرکردنی قەیرانی بەهای لیرەی تورکی پێویستی بە ڕێکاری جددی و خێرا هەیە، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت بەهاکەی بۆ سوودی لایەنێکی دیاریکراو بەکاربهێنێت، لەلایەکی دیکەشەوە ویستی هەیە بۆ جێگیربوونی بەهاکەی، ئەمانەش کاریگەرییان لەسەر دارمانی نرخی دراوی وڵات کردووە”.

جەختیشکردەوە، هۆکارەکانی پشت دابەزینی بەهای لیرە هەمەجۆرن، بەڵام سیاسەتی حکومەتی ئێستای تورکیا دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەردۆغان و گۆڕینی سیستمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی، دەستوەردان لە کارەکانی بانکی ناوەندی و دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە سەرۆکەکانی بانکی ناوەندی بەهۆکاری سیاسی، لەدەستدانی متمانەی نێودەوڵەتی بە بانکی ناوەندیی تورکیا هۆکارەکانی پشت داڕمانی لیرەن.

پەرلەمانتارەكەی جەهەپە پێشی وایە، ئەردۆغان گرنگی و پێویستیی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی پشتگوێدەخات، دەیەوێت وڵات هەمووی لەژێر دەستیدابێت، بۆیە دابەزینی نرخی لیرە بەردەوامە سەرەڕای ئەو قەیران و کێشە ئابورییانەی پەتای کۆرۆنا دروستیکردوون، بۆیە بەبێ چاکسازییەکی بنەڕەتی لە فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان و ڕێزگرتنی سەروەریی یاسا و پێشکەشکردنی سیاسەتێکی ئابوریی ڕێکوپێک، کێشەی دابەزینی بەهای لیرە چارەسەر نابێت.

بابەتی پێشتر

بارودۆخی یاریزانە پێكراوەكانی ریاڵ مەدرید بزانە

بابەتی دواتر

سەدر بۆ مالكی: تاقیكراوە تاقیناكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share