مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە بەهاوكاریی بنكەی پۆلیسی ڕاپەڕین، لەسەر دۆسیەی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە پێشتر لەلایەن دادگاوە داواكراوبوو.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی ئەمساڵ هاوڵاتییەك لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ كوژرا و بكوژەكە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵات، دادوەری لێكۆڵینەوەوە بەپێی ماددەی 406 بڕیاری دەستگیركردنی بۆ تۆمەتبار (م، ن، ك) دەركرد”.
باسی لەوەشكردووە، “بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە سەرجەم بەش و بنكەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردران بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار”.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “دوای لێكۆڵینەوەكان، توانرا شوێنی تۆمەتبار بدۆزرێتەوە كە لە گەڕەكێكی شاری سلێمانی خۆی حەشاردابوو، توانرا تۆمەتبار دەستگیربكرێت و لەئێستادا بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە و دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان، تۆمەتبار ڕادەستی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ دەكرێتەوە”.