گروپە چەكدارەكان هەڕەشەدەكەن.. ڕۆیتەرز بوونی قائانی لە بەغداد دووپاتدەكاتەوە

ئێران هەوڵەكانی بۆ ڕێكخستنەوەی گروپە عێراقییەكانی نزیك لەخۆی دەستپێكردووە، ئەوەش دوای كەمبوونەوەی ژمارەی دەنگەكانی ئەو گروپانە وەك لە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردندا دەركەوتووە. هاوكات بەشێك لەو گرووپانە لەپێناو لەدەستنەدانی هەژموونیان هەڕەشەی بەكارهێنانی توندوتیژی دەكەن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەغداد بووە و سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی حزب و لایەنە شیعییەكانی كردووە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو تۆڕی میدیایی ئێستا هەواڵی گەیشتنی قائانی بە بەغداد بڵاوكردەوە، بەڵام هەردوو حكومەتی عێراق و ئێران هەواڵەكەیان ڕەتكردەوە.

بەپێی بەدواداچوونێكی ئاژانسەكە كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردووەتەوە، سەرباری ڕەتكردنەوەكانی هەردوو حكومەتەكە، دوو سەرچاوەی ئێرانی بە ڕۆیتەرز-یان ڕاگەیاندووە كە قائانی لە بەغدادە.

ڕۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی ترەوە كە بە “دیپلۆماتكارێكی خۆرئاوایی” ناویبردووە بڵاویكردووەتەوە، قائانی لەكاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردندا سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی حزبە شیعییەكانی كردووە.

دیپلۆماتكارەكە دەڵێت، “هەرچی لەتوانایاندا بێت دەیكەن بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن، سەرباری ئەوەی ئەو كارە ئەستەم دەبێت”.

سەركردەی گروپێكی حەشدی شەعبی كە ناوەكەی ئاشكرانەكراوە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، “گروپە چەكدارەكان ئامادەن پەناببەنەبەر بەكارهێنانی توندوتیژی ئەگەر پێویستبێت، ئەوەش لەپێناو لەدەستنەدانی هەژموونیان”.

بابەتی پێشتر

هێزی كۆماندۆ لەبارەی دۆخی كەركوكەوە: لە ئامادەباشیداین و چاوەڕوانی فەرمانین

بابەتی دواتر

هێزی ئاڵتونی: لە ئامادەباشیداین بۆ هەر فەرمانێکی بافڵ تاڵەبانی بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەكانی كەركوك

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share