هۆشداری دەدرێتە بەتەمەنەکان لە بەکارهێنانی ئەسپرین.. دەبێتەهۆی خوێنبەربوون

شارەزایانی ئەمریکی ئامۆژگاریی کەسانی بەساڵاچوو دەکەن ئەسپرین بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی دڵ بەشێوەیەکی ڕۆژانە بەکارنەهێنن، چونکە مەترسییەکانی تووشبوون بە خوێنبەربوون زیاتر دەکات وەک لە سوودەکانی بۆ خوێن و خوێنبەرەكان.

لیژنەیەک لە پسپۆڕانی پزیشکیی ئەمریکا، هۆشداری دەدات بەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو 60 ساڵەوەیە و ڕۆژانە ژەمی چارەسەری ئەسپرین وەردەگرن بۆ پاراستنیان لە جەڵتەی دڵ، واز لە بەكارهێنانی ڕۆژانەی ئەسپرین بهێنن، چونکە مەترسییەکانی خوێنبەربوونی ناوەکی لە کەسەکەدا زیاتر دەكات.

تیمی خزمەتگوزارییەکانی چاودێری لە ئەمریکا دەڵێت، ئەو ڕێنماییانەی سەبارەت بە بەکارهێنانی چارەسەری ئەسپرین لە ساڵی 2016 بڵاوکراونەتەوە، نیشانیدەدەن بەڵگەی نوێ لەبەردەستدان کە مەترسییەکانی خوینبەربوونی ناوەوە لەو کەسانەی ڕۆژانە ئەسپرین بەکاردەهێنن بۆ پاراستنیان لە نەخۆشییەکانی دڵ هەڕەشە لە ژیانیان دەکات.

ئەو تیمە کە لە 16 پسپۆڕی چاودێریی نەخۆشییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ئەمریکا پێکهاتووە دەڵێت، بەڵگەی یەکلاکەرەوە لەسەر ئەوە نییە کە ئەسپرین دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە ئەستوورە و كەمكردنەوەی ڕێژەی مردن بەهۆیەوە.

پێشتر تیمەکە لە ساڵی 2016 ڕایگەیاندبوو، وەرگرتنی ڕۆژانەی ژەمی ئەسپرین مەترسییەکانی شێرپەنجەی کۆڵۆن و ڕیخۆڵە ئەستوورە کەمدەکاتەوە لەگەڵ ئەوەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەش کەمدەکاتەوە.

حەبی ئەسپرین ساڵانێکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار تەنانەت بەبێ ڕێنمایی تایبەتیی پزیشک بەکارهاتووە، هەروەها یەکێک بووە لە بژاردەکان بۆ ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ لەسەرە.

توێژەرانی پزیشکی باس لەوەدەکەن وەرگرتنی ڕۆژانەی ئەسپرین لەلایەن ئەوانەی تووشی نەخۆشییەکانی دڵ نەبوون، مەترسییەکانی وەک فشاری خوێن و بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ زیاتر دەکەن.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران پرسی نەوتی سپی و بەنزین تاوتوێدەكات

بابەتی دواتر

وێنە.. بارانبارین لەبەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
29
Share