ئاژانسی فارس نیوزی نزیک لە سوپای پاسداران، پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسانی هەرێم بەوە تۆمەتباردەکات كە زەمینەیان ڕەخساندووە بۆ “هێزە بێگانەکان” و ئەوەش مەترسی لەسەر بارودۆخی ئێران دروستکردووە، هاوکات نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران دەڵێت، “پەیامی دڵنیایی دراوەتە تاران”.
هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەرێم
ماوەی زیاتر لە مانگێکە، بەرپرسانی سوپای پاسداران و میدیاکانی نزیک لە حکومەت هێرشدەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بەوەی بووەتە ڕێگایەک بۆ هاتنی هێزی بێگانە و ئەوەش یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی دەدات.
لە تازەترین هێرشدا، ئاژانسی فارس نیوزی نزیک لە سوپای پاسداران بە توندی هێرشیکردووەتە سەر حکومەتی هەرێم و دەڵێت، “بەداخەوە کە هەرێمی کوردستان بووەتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئێران و بەرپرسانی هەرێم بە سوودوەرگرتن لە گوێنەدان بە دەستووری فیدراڵیی عێراق، ڕێگا دەکەنەوە بۆ هێزە بێگانەکان تا ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەهێزبکەن”.
ئاژانسەکە بە ناڕاستەوخۆ هۆکاری زیادبوونی تیرۆرکردنەکان لە ئێران دەبەستێتەوە بە هەرێمی کوردستانەوە و باسی تیرۆری زانا ئەتۆمییەکەی ئێران دەکات و کوشتنی بەرپرسێکی سوپای پاسدارانیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبەستێتەوە بە بەهێزبوونی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی فارس نیوز، “کۆتا تیرۆرکردن لە شاری پیرانشار کە کەسێکی سەر بە سوپای پاسداران بوو بەناوی (خزر پیروتنیا) پەیوەست بووە بە حزبەکانی ڕۆژهەڵاتەوە”.
میدیاکەی نزیک لە سوپای پاسداران پەنجەی تۆمەتی درێژکردووە بۆ هاوکاریی حکومەتی هەرێم بۆ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوەش بووەتەهۆی بەهێزبوونی حزبەکان.
هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی كوردستان
بەپێی وتەی نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، حکومەتی هەرێم پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی حکومەتی ئێران کردووە، کە پەیوەندی بە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی تاران بۆسەر پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە.
نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوودا لەڕێگەی پەیوەندییەکانی خۆیەوە پەیامی ئەوەی بۆ حکومەتی ئێران ناردووە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادەن خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکاربهێنرێت.
بەپێی زانیارییەکانی نوێنەری حکومەت لە تاران، پەیامەکەی حکومەتی هەرێم ئەوە بووە، ئەوان ئیدانەی هەر هێرشێک دەکەن لە خاکی هەرێمەوە بکرێتەسەر ئێران و هەموو هەوڵێکی خۆیشیان دەدەن، خاکی هەرێم بۆ هێرشکردنەسەر ئێران بەکارنەهێنرێت.
نازم دەباغ ڕاشیگەیاند، ئێران جاری یەکەم نییە هەڕەشە دەکات و جاری کۆتاییش نابێت، بەتایبەتی کاتێک ئەو پارتە کوردییانە چالاکییەکانیان زیاددەکەن.
تاران دەیەوێت فشاری زیاتر لە حکومەتی هەرێم بکات کە چالاکیی حزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕابگرێت و ڕێگەیان نەدات بە چەکەوە بە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا بڵاوەبکەن.