وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەگەر کرێکارێک لەسەر کارەکەی گیانلەدەستبدات، لێبڕین و پاشەکەوت نایگرێتەوە و مووچەی خۆی وەردەگرێت.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، زۆرێک لە بەشەکانی وەزارەتەکە، کارکردن تێیاندا 24 کاتژمێرییە و بەراورد بە وەزارەتەکانی دیکە، کەمترین دەرماڵە و مووچەیان هەیە.
وتیشی، سندوقی خانەنشینیی ئێمە، تریلیۆنێک و 340 ملیار دیناری تێدایە، ئەگەر کرێکارێک خانەنشین ببێت یان لەسەر کارەکەی گیانلەدەستبدات، یان ئەگەر توشی پێکان بێت و پێویستی بە خانەنشینی بێت، هەموو مووچەکانی وەردەگرێت و، لێبڕین و پاشەکەوت نایگرێتەوە.
ئەوەشیخستەڕوو، ئەو کرێکارەی داوای پارەی کۆتایی خزمەت دەکاتەوە، پارەکەی وەردەگرێتەوە، تەنیا ساڵی پار زیاتر لە پێنج ملیار دینار دراوەتەوە بەو کارێکارانەی داوای پارەی کۆتایی خزمەتیان کردووەتەوە.