سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، سبەی دەستكەوتێكی ئەمنیی گەورە ڕادەگەیەنن، ئەمەش دوای دەنگدانی لە هەڵبژاردنی پێشخراوەی ئەنجومەنی نوێنەران.
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دوای دەنگدان بۆ میدیاكان دوا و وتی، “بەڵێنەكەمان بردەسەر و چاوەڕوانی دەستكەوتێكی ئەمنیی گەورە بن سبەی دووشەممە”.
وتیشی، “داوامكرد هەڵبژاردن لە حوزەیران بكرێت و هەندێك داوایانكرد لە 2022 بێت، بەڵام سەركەوتووبووین لە ئەنجامدانی لە تشرین”.
كازمی هانی عێراقییەكانیشیدا بێنە دەرەوە و بەشداری دەنگدان بكەن و “هەلی گۆڕانكاری” لەدەستنەدەن و وتی، “ئەوە هەڵبژێرن كە بە گونجاوی دەزانن بۆ ئایندەی عێراق”.
وەك ئاماژەیەكیش بۆ خۆهەڵنەبژاردن و بەشدارنەبوونی لەگەڵ هیچ هێز و هاوپەیمانییەكدا سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند، “یەكەم هەڵبژاردنە بەبێ قەدەغەی هاتوچۆ و بەشداریی سەرۆك وەزیران ئەنجامدەدرێت”.
كاتژمێر 07:00ی بەیانی ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی كوردستان، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێكرد، زیاتر لە 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ دیاریكردنی 329 كورسیی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، 3 هەزار و 226 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی و بوونە ئەندامی خولی پێنجەمی نوێنەران دەكەن.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق نزیكەی 24 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان كراونەتەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسی بەشدارن، جگە لە كاندیدە سەربەخۆكان، نزیكەی 75 هەزار چاودێری ناوخۆیی و هەزار و 700 چاودێری نێودەوڵەتیش چاودێریی پرۆسەكە دەكەن.