مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکۆنەی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا لە سنووری قەرەهەنجیر و نزیک کەرکوک دەکات و ڕایگەیاند، ئەم سنووربەزاندنە پێشهاتێکی خراپە لە ناوجەرگە و قوڵایی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدانەی بۆردومانی فڕۆکەکانی سوپای تورکیای بۆ سنووری قەرەهەنجیر لە نزیک شاری کەرکوک کرد، کە قوربانی و زیانی لێکەوتووەتەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەم سنووربەزاندنە بە پێشهاتێکی خراپ وەسف دەکات کە ناوجەرگە و قوڵایی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوای دەست بەجێ ڕاگرتنی ئەو سنووربەزاندنانە دەکات، “چونکە هیچ پاساوێک نابێت ببێتە ھۆی سنووربەزاندن و زیانگەیاندن بە خەڵکی بێتاوان”.
داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکات، ئەرکی دەستووری و نیشتمانیی خۆی لە داکۆکیکردن لە خاکی عێراق بە کوردستانیشەوە ڕاپەڕێنێ و لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسیەکانەوە حکومەتی تورکیا لەم پێشێلکارییە ئاگاداربکاتەوە.