موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر، بە ناڕاستەوخۆ داوا لە حكومەت دەكات كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنێت.
لە تویتێكدا سەدر نوسیویەتی، “ئەو گێرەشێوێنانەی كە لە دەرەوە پشتگیری دەكرێن و خزاونەتە ڕیزی خۆپیشاندەرانەوە، شۆڕش لە ڕێڕەوی ئاشتییانەی لادەبەن، بە تایبەت دوای ئەوەی سەرۆكوەزیران ئاشكرایكرد كە هێزە ئەمنییەكان پڕچەك ناكرێن.”
دەشڵێت، “پێویستە حكومەت ئاسایش بەرقەراربكات و بەرپەرچی ئاژاوەگێڕان بداتەوە و نەهێڵێت كاری تێكدەرانە بكەن و ئاسایش بشێوێنن، دەبێت حكومەت ڕێگەكان بكاتەوە و شكۆ بۆ دەوڵەت بگەڕێنێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوا كەمتەرخەم دەبێت بەرامبەر بەوانەی ئەجێندای دەرەكی و بیری لادەرانەیان هەیە، خودا پشتیوانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بێت.”
وتەكانی سەدر لەكاتێكدان، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق، فەرمانی بە هەموو هێزە ئەمنی و سەربازییەكان كردووە، پیشەگەرانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بكەن و بیانپارێزن.