ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دەرکردنی حزبەکەی لە حکومەتی خۆجێی دهۆک دەربڕی و ڕایگەیاند، بەرپرسانی پێشوی حوکومەتی خۆجێی دهۆک شانازیەكی گەورەن بۆ یەكگرتووەكان و كارەكانی ڕابردووتان بەرز دەنرخێنین.
نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئەمڕۆ 25ی تشرینی یەکەم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “سوپاس و پێزانینی بۆ بەرێوەبەرانی حكومەتی خۆجێی لە پارێزگای دهۆك هەبووە و ، ڕایگەیاندووە ئێوە شانازیەكی گەورەن بۆ یەكگرتووەكان و كارەكانی ڕابردووتان بەرز دەنرخێنین، لەم ڕۆژگارە خەڵكی ئێمە بەسەركەوتوویی و دوور لە گەندەڵی كارەكانی خۆیان ڕایی بكەن و خەڵكی لێیان ڕازی بن، ئەوە جێگای شانازیە، مەدالیایی خزمەت و ڕێزتان پێدەبەخشین”.
ڕۆژی 21ی ئەیلولی ئەمساڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتایی بەو ڕێککەوتنە هێنا کە پێشتر لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی هەیبوو بۆ بەڕێوبردنی حوکومەتی خۆجێی دهۆک.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 2016، یەکگرتوو بە 25 پۆستی ئیداری لە حکومەتی خۆجێیی دهۆکدا لهگهڵ پارتی ڕێككهوت، بەڵام 18 پۆستیان لهو ژمارهیه پێدرا، لەناویاندا پۆستی یاریدەدەری پارێزگاری دهۆک و دوو بەڕێوبەری گشتی و سێ بەڕێوبەری ناحیە هەبوون.