بەگوێرەی زانیارییەكان، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە گەراجێكدا لە تەنیشت بارەگایەكی فەرماندەیی پۆلیسی ئەنبار لە شاری ڕوومادی تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە پێنج كەس برینداربوون.
ناسڕ غەنام فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی ئەنبار ڕایگەیاند، تیرۆریستێكی خۆكوژ هەوڵیدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو بە بارەگای پۆلیسی فریاكەوتنی ڕومادیدا بتەقێنێتەوە.
ڕوونیشیكردەوە، هێزەكانیان ڕووبەڕووی تیرۆریستەكە بوونەتەوە و كوشتوویانە و ڕێگرییانكردووە لەوەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەكە زیانی گیانی لێبكەوێتەوە.
كەمێك لەمەوبەر نەخۆشخانەی ڕومادی ئاشكرایكرد، پێنج برینداری پێگەیشتووە كە سیانیان سەربازن و دوو بریندارەكەی تریش هاوڵاتین و لە تەقینەوەكەدا برینداربوون.