دوێنێ 26ی تشرینی یەکەم 25 پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان یاداشتێکیان دایە کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەرێم و وەک خۆیان دەڵێن کونسوڵخانەی فەرەنسا پێشوازی گەرمی لێکردوون و یاداشتەکەی لێوەرگرتوون.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارانە داوایان کردووە کونسوڵی فەرەنسا لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا ئامادەبێت و ڕونکردنەوە بدات لەسەر ئەو کارانەی وڵاتەکەی بەرامبەر پیرۆزییەکانی ئیسلامی کردووە.
یاداشتی پەرلەمانتارەکان “خوێندنەوەیەکی جدی نییە بۆ هەوڵەکانی فەرەنسا بەرامبەر ئیسلام”.
ئەو پەرلەمانتارانەی کە واژووی یاداشتی نیگەرانییەکەیان کردووە تا بیدەنە دەست کونسوڵی فەرەنسا لە فراکسیۆنە جیاوازەکانن و سەرەڕای ستایشی ڕۆڵی فەرەنسا نیگەرانییەکانیان تەنها ئاڕاستەی ماکرۆن کردووە.
شارەزایەکی سیاسەتی نێودەوڵەتی و کاروباری فەرەنسا پێی وایە، ” یاداشتی پەرلەمانتارەکان خویندنەوەیەکی جدی نییە بۆ ئەوەی فەرەنسا کردوویەتی، چونکە پێشتر ماکرۆن وتی ئیسلام لە قەیراندایە و دەبێت ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت، ئەم وتەیەی ماکرۆن بەشێکی موسڵمانان بۆ ئیسلامی سیاسی لەگەڵیدان، بەڵام لە یاداشتی پەرلەمانتاراندا کۆی پرسەکە کراوەتە ملی ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا”.
ئەو شارەزایە دەڵێت، “هەر لایەن و وڵاتێک کە نیگەرانی لەسەر ئەم پرسە هەیە دەبێت نیگەرانییەکانیان ئاڕاستەی فەرەنسا بکەن و داوابکەن حکومەت کاردانەوەی هیچ هێرشێک نەکاتە کارێک کە وەک سوکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام بکەوێتەوە”.
شارلی ئیبدۆ ئیسلام و فەرەنسای خستە دوو بەرەوە
هەفتەنامەی شارلی ئیبدۆ کە سێ ساڵ پێش ئێستا لە چاپێکیدا کاریکاتێری پەیامبەری ئیسلامی بڵاوکردەوە و پاشان دوو چەکداری ئیسلامی هێرشیانکردە سەر نوسینگەکە و 12کەسیان کوشت، ئەمە حکومەتی فەرەنسا و ئیسلامی خستە دوو بەرەی دژ بەیەکەوە، لەلایەکەوە حکومەت پشتگیری هەفتەنامەکەی دەکرد و لەلایەکی دیکەشەوە ئیسلامییەکان هیچ هەوڵێکی پشتگیری حکومەمەتیان بۆ شارلی ئیبدۆ بێ هێرش و وەڵام نەدەهێشتەوە، بۆیە ئەم پشتگیری و وەڵامی پشتگیرییە تا ئێستاش بەردەوامە و لە کۆتا تویتی ماکرۆنیشدا دەرکەوت کە پشتگیری هەفتەنامەکەی دەکرد و ئەمەش دیسانەوە لەلایەن موسڵمانانەوە بە دژایەتی وەرگیرا.