چەند بڵاوكراوەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاڵوگۆڕدەكرێن و باس لەوە دەكەن كە عوسمانییەكان لە سەدەی هەژدەیەمیندا ڤاكسینیان دروستكردووە و بەوەش پێش هەموو جیهان كەوتوون لەو بوارەدا، بەڵام ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس جەختدەكاتەوە كە “ئەوە بانگەشەیەكی نادروستە”.
ئاژانسەكە لە ڕاپۆرتێكدا ڕوونیكردووەتەوە، ئەو بانگەشەیە ڕاستنییە و یەكەم ڤاكسین لە بەریتانیا دروستكراوە، ئەو بەڵگەنامەی ڤاكسینكردنەش مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم نەك هەژدە.
ئەو بڵاوكراوانە دەڵێن، “لە سەدەی هەژدەیەمیندا پزیشكێكی بەریتانی بۆ پاراستنی خەڵك لە نەخۆشیی جودەری، داوای لێكردوون خۆیان ڤاكسینبكەن و پێیوتوون كە عەرەب لە حەلەب و توركەكان لە ئیستەنبوڵ ماوەی چەندین دەیەیە ڤاكسین بەكاردەهێنن”.
بڵاوكراوەكان كە بە چەندین زمان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، باس لەوە دەكەن كە هاوژینی باڵیۆزی ئەوكاتی بەریتانیا لە ئەستەنبوڵ، نامەی بۆ ئەوروپا ناردووە و ئەویش باسی لە بوونی ڤاكسین لە دەوڵەتی عوسمانیدا كردووە و هەولێداوە لەو ڕێگەیەوە ئەوروپییەكان قایلبكات خۆیان ڤاكسینبكەن.
بەپێی بڵاوكراوەكان، لە سەدەی هەژدەیەمیندا گەنجێك كە تەمەنی 22 ساڵ بووە، ژەمی سێیەمی ڤاسینێكی وەرگرتووە بەبێ ئەوەی جۆری ڤاكسینەكە و نەخۆشییەكە ئاشكرابكرێن.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە مێژووی بڵاوكراوەكان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، نەك سەدەی هەژدەیەم، بەو بەڵگەیەی ساڵی 1322ی كۆچی لەسەرە، ئەوەش بەرامبەرە بە سەرەتاكانی سەدەی بیست، نەك ساڵی 1721 وەك باسدەكرێت.
فرانس پرێس ئاشكرایكردووە، یەكەم ڤاكسین لە جیهاندا ساڵی 1796 لەلایەن پزیشكی بەریتانی ئێدوارد جێنیرەوە دروستكراوە و ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی و چەندین سەرچاوەی تر ئەوەیان سەلماندووە.