بافڵ تاڵەبانی: کەرکوک و یەکێتی دووانەی دانەبڕاوی یەکترن

بافڵ تاڵەبانی لە دیداری مامۆستایانی ئاینی و كەسایەتییەكانی كەركوك

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، چاومان لەسەر کەرکوکییەکانە بەھەمان ڕۆحییەتی ڕابردوو بەشداریی ئەم ھەڵبژاردنەش بکەن و سەری کەرکوک و کورد و یەکێتی بەرزبکەنەوە و دەڵێت، کەرکوک و یەکێتی دووانەی دانەبڕاوی یەکترن.

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتی پابەندە بە ڕێبازی ڕاست و ڕەوانی سەرۆک مام جەلال و سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی بۆ داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی خۆراگری کەرکوک بەھەموو نەتەوە و پێکھاتە ڕەسەنەکانی شارەکە ئەویش دوور لە پەراوێزخستن و جیاکاریی مەزھەبی و نەتەوەیی.

بافڵ تاڵەبانی پشت ئەستوور بە دڵسۆزی و قوربانیدانی کەرکوکییەکان وتیشی، “کەرکوک و یەکێتی دووانەی دانەبڕاوی یەکترن”.

ئەو وتانەی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەمڕۆ لە كەركوك لەمیانەی چاوپێكەوتنیدا بوو لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستا و زانایانی ئایینی و کەسایەتیی کۆمەڵایەتی و سەرۆک ھۆزەکانی سنووری شارەكە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، لە دیدارەكەدا گفتوگۆکرا لەبارەی بارودۆخ و گوزەران و داواکاریی خەڵکی کەرکوک و بەھێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و قوڵکردنەوەی زیاتری پێکەوەژیان لەنێوان نەتەوە و پێکھاتە و ئایینزاکاندا لەپێناو سەقامگیریی زیاتری سیاسی و ئارامی و خزمەتکردنی زیاتری سنوورەکە.

بافڵ تاڵەبانی وتيشی، “لە ئەمڕۆشدا چاومان لەسەر کەرکوکییەکانە کە بەھەمان ڕۆحییەتی ڕابردوو بەشداریی ئەم ھەڵبژاردنەش بکەن و سەری کەرکوک و کورد و یەکێتی بەرزبکەنەوە”، چونکە ئەم پرۆسەیە بۆ کورد چارەنووسسازە و سەرکەوتنی ھاوپەیمانی کوردستان واتای بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد و پێکھاتە ڕەسەنەکانی ئەم شارەیە، بۆیە ھەموومان پێکەوە لە خەمی کەرکوکدا خەباتدەکەین و خزمەتی زیاتری شارەکەی خۆمان دەکەین”.

ھەر لەدیدارەکەدا گفتوگۆیەکی کراوە بەڕێوەچوو وێڕای خستنەڕووی چەندین سەرنج و پێشنیاز ئامادەبووان جەختيانکردەوە وەک ھەمیشە پشت و قەڵا دەبن بۆ یەکێتی و کاردەکەن بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.

بابەتی پێشتر

فایزەر لەبارەی كۆرۆناوە: ژیان ئاساییدەبێتەوە

بابەتی دواتر

کاڤانی پێگەی هێرشبەرێکی بەرشلۆنە لێژدەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share