هێزە ئەمنییەكان ئەندامانی تۆڕێكیان دەستگیركرد كە بەنزینیان لە ئەنبارەوە بۆ شارەكانی هەرێم دزەپێكردووە.
فەریق ڕوكن ناسڕ غانم، فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانی ئەنبار لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، كارمەندانی هەواڵگریی لیوای 38ی سەر بە فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكان، لە پرۆسەیەكی هەواڵگریدا توانییان ئەندامانی باندێك دەستگیربكەن كە تایبەتبوون بە دزەپێكردنی بەرهەمە نەوتییەكان (بەنزین) بە بڕێكی زۆر لە ناوچەی شراع لە ڕۆژئاوای ڕومادی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “تۆڕەكە ئەو بەنزینەی تەرخانكراوە بۆ وێستگە ئەهلییەكانی ئەنبار، بۆ پارێزگاكانی باكوور (مەبەست لێی شارەكانی هەرێمە) گواستووەتەوە”.
ئاشكراشیكردووە، ئەو كارە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بووەتەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی كەمیی بەنزین لە پارێزگاكەیاندا.