جوتیار عادل: هەرێمی كوردستان پابەندە بە سیاسەتی دەرەوەی عێراقەوە

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی كورتی لەبارەی كۆنگرەكەی هەولێر و داواكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل بڵاوكردەوە، پابەندیی هەرێمی كوردستان بە سیاسەتی دەرەوەی عێراق دووپاتدەكاتەوە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی، “لە دوایین کۆبونەوەی شاری هەولێر نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان نەکراوە و هەرێم پابەندە بە چوارچێوەی گشتیی سیاسەتی دەرەوەی عێراق”.

وتەبێژەكەی حكومەت هەڵوێستی هەرێمی لەبارەی ئیسرائیلەوە بەستووەتەوە بە دەستووری عێراقەوە، دەشڵێت، “هەڵوێستی کوردستان لە پرسی فەڵەستینیش بەهەمان شێوە پەیوەندی بە دەستووری عێراقەوە هەیە”.

ڕۆژی هەینی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان كۆنگرەیەك بەناوی “السلام و الاسترداد” بەڕێوەچووە، ژمارەیەكی زۆر سەرۆك عەشیرەتی عەرەبی سوننی و شیعی تیایدا بەشداربوون، داوایانكردووە پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل ئاسایی بكرێتەوە.

بەڵام كۆنگرەكە و داواكارییەكە كاردانەوەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق لێكەوتەوە و ڕەتكرایەوە.

لەو چێوەیەدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆكایەتیی كۆمار، چەند حزب و لایەنێكی دیكەی عێراقی كاردانەوەی نەرێنییان هەبوو.

وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتیكردەوە، “کۆبونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و بەڕێوەچوە، ئەم کۆبونەوەیە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات”.

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، ئەوانەی بەشداربوون لە كۆنگرەكەدا لە هەرێمی كوردستان دەردەكرێن.

بابەتی پێشتر

ڕۆژئاوای کوردستان.. فڕۆکەکانی ڕوسیا بۆردومانی گروپەكانی سەر بە تورکیایان کرد

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی كلینیكی ئەو پزیشكانە دادەخات كە لە دەرەوەی سنووری كارە حكومییەكەیانە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share