سەدر و فەتح هەڕەشەدەكەن
كاردانەوەكانی كۆبوونەوەكەی هەولێر بەردەوامن

هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیی نێوان عێراق و ئیسرائیل كە لە كۆبوونەوەیەكی بەشێك لە هۆزە عێراقییەكاندا لە هەولێر خرایەڕوو، كارادنەوەی بەرفراوانی توندی لێكەوتەوە، موقتەدا سەدر هەڕەشەدەكات بەوەی هەڵوێستی دەبێت و لایەنێكی عێراقی دەڵێت، “سەرشۆڕی بۆ خائینان”.

دوێنێ هەینی، نزیكەی 300 كەسایەتیی سوننی و شیعی لە كۆبوونەوەیەكدا لە هەولێر داوایان لە حكومەتی عێراق كرد پەیوەندیی دیپلۆماتی لەگەڵ ئیسرائیل گرێبدات، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرۆنۆت)ی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە.

كۆبوونەوە و داواكارییەكە، كارادنەوەی بەرفراوانی توندی لێكەوتەوە، سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، ئەو بابەتە بە هەوڵێك بۆ تێكدانی دۆخەكە و بەئامانجگرتنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی ناوزەددەكات.

لە ڕاگەیەندراوێكدا سەرۆكایەتیی كۆمار دەڵێت، “عێراق بەتەواوەتی دژی پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیلدا، سەرۆكایەتیی كۆمار داوادەكات ڕێز لە ویستی عێراقییەكان و بڕیاری نیشتمانپەروەرانەی سەربەخۆیان بگیرێت”.

سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوەكەیدا جەختدەكاتەوە كە كۆبوونەوەكەی هەولێر، “گوزارشت لە خەڵك و دانیشتووانی شارە عێراقییەكان ناكات، بەڵكو تەنها گوزارشت لەوانە دەكات كە بەشداربوون تیایدا، سەرباری ئەوەش هەوڵێكە بۆ تێكدانی دۆخی گشتی و بەئامانجگرتنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی”.

جگە لە سەرۆكایەتیی كۆمار، سەرۆكایەتیی وەزیرانیش لەبارەی كۆبوونەوەكەی هەولێرەوە هاتەدەنگ و نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، “حكومەت دووپاتیدەكاتەوە ئەو كۆبوونەوەیە دەربڕی ڕای خەڵك و دانیشتووانی شارەكانی عێراق نییە، كە ئەو كەسایەتییانە دەیانەوێت بەناوی دانیشتووانەكانیانەوە بدوێن، بەڵكو تەنها هەڵوێستی ئەوانەیە كە بەشداربوون تیایدا”.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا كە بەو بۆنەیەوە بڵاویكردووەتەوە، كۆبوونەوەكەی هەولێر بە هەوڵێك بۆ “شێواندنی دۆخی گشتی و زیندووكردنەوەی تایفییەت” ناودەبات.

جەختیشدەكاتەوە كە “خستنەڕووی دەستەواژەی ئاساییكردنەوە لەڕووی دەستووری و یاسایی و سیاسی لە وڵاتی عێراقدا ڕەتكراوەیە و حكومەت بەڕوونیی هەڵوێستی مێژوویی چەسپاوی عێراقی لە پشتیوانیكردنی پرسی دادپەروەرانەی فەڵەستین و بەرگریكرن لە مافەكانی گەلی فەڵەستین دووپاتكردووەتەوە، كە لە پێشینەیدا مافی بوونی دەوڵەتی سەربەخۆیە، كە پایتەختەكەی قودس بێت”.

لەدرێژەی كاردانەوەكاندا، موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “دەبێت هەولێر ڕێگریبكات لەو جۆرە كۆبوونەوە تیرۆریستییە زایۆنییانە، بەپێچەوانەوە دەبێت حكومەت هەموو بەشداربووانی كۆبوونەوەكە تاوانباربكات و دەستگیریانبكات، دەنا ئەو ئەركە دەكەوێتە ئەستۆمان كە دەبێت لەڕووی شەرعی و ئەقڵی و نیشتمانییەوە بیكەین و لەپێناوی خودادا لە كەس ناترسین”.

سەدر هەڕەشەی زیاتر دەكات و دەڵێت، “دەبێت بڕواداران چاوەڕوانی فەرمانی ئێمە بكەن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو نموونە قێزەونانەدا.. هەڵوێستمان دەبێت و چاوەڕوانبن”.

هاوكات هاوپەیمانیی فەتح ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند كە سەرسوڕمانی خۆی نیشاندەدات لە سازدانی كۆنگرەیەكی لەو جۆرە لە هەولێر “كە داوای ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیلیی داگیركەردا دەكات”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “ئەوەی سەرسوڕمانمان زیاتردەكات، بێدەنگیی دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانە كە تەنها ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردووەتەوە و بێئاگایی خۆیان نیشاندەدەن لەوەی چۆن ئەو خائینانە كۆبوونەتەوە و كێ كارئاسانی بۆكردوون، ئەمەش وامانلێدەكات بڵێین كەمتەرخەمییەكی ڕوون هەبووە بەرامبەر بە سازدانی ئەو كۆنگرەیە و ڕێگە بە هەموو هەنگاو و ئامادەكارییە پێویستەكان دراوە”.

هاوپەیمانیی فەتح بەشداربووانی كۆبوونەوەكە بە “خائینی بێنرخ” ناوزەددەكات، دەشڵێت، “سەرشۆڕی بۆ خائینان و ئەوانەی زەمینەیان بۆسازكردن و پشتیوانییانكردن و پارەیان بۆدابینكردن”.

كاردانەوەكانی ئەو دامەزراوە و لایەنانە لەكاتێكدان، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، “کۆبوونەوەکە بەبێ ئاگاداری و بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخراوە و بەڕێوەچووە، ئەم کۆبونەوەیە بەهیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکات”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، وەزارەتی ناوخۆ جەختدەكاتەوە لەوەی ڕێکاری پێویست بەرامبەر چۆنیەتی ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە دەگرنەبەر”.

ساڵێك لەمەوبەر، ئیمارات و بەحرەین ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕاگەیاند، دواتر هەریەك لە مەغریب و سودان هەمان هەنگاویان گرتەبەر و ئاشتییان لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیلدا ڕاگەیاند.

بابەتی پێشتر

پێرێز بە دروشمی "گالاکتیکۆسی نوێ"وە باڵی لیڤەرپوڵ دەشکێنێت

بابەتی دواتر

 سبەینێ مووچەی وەزارەتێكی دیكە دابەشدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share