داوا دەكرێت كۆتایی بە كوشتنی ژنان لە هەرێم بهێندرێت

لە هەرێمی كوردستان، حاڵەتەكانی كوشتنی ژنان بەردەوامییان هەیە، داوا دەكرێت حكومەت و دادگا لە پرسەكانی ژناندا كاری خۆی بكات و كەس لە سزا بەدەر نەكرێت، هەروەها دروشمەكان لە ڕوبەڕوبوونەوەی ژن كوشتن بكرێن بە كردار.

ئەندامێکی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، “بۆ كورد ژن كوشتن ناسنامەیەكی زۆر ناشرینە و با ئیتر بەس بێت”.

ژن كوشتن حاڵەتێكی دووبارە لە هەرێمی كوردستان

سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی حاڵەتەكانی كوشتنی ژنان لە هەرێم، لەنجە خاوێ، پارێزەر و ئاگاداری كەیسەكانی ژنان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەرەنگاربوونەوەی ژنكوژی بە سیاسەت و پلان و دراسەی جدی دەبێت، بە دەرەجەی یەكەم ئەمە ئەركی حكومەتە، لە ھەرێمی كوردستانیش وێڕای بوونی چەندین ڕێكخراو و بەڕێوبەرایەتی بۆ بەگژداچوونەوەی توندوتیژی، ھێشتا ڕۆژانە ژن كوشتن دووبارە دەبێتەوە”.

لەنجە خاوێ ئەوەشی خستەڕوو، “هۆكاری دووبارە بوونەوەی ئەو حاڵەتانەی ژن كوشتن ئەوەیە، سیاسەت و پلان نییە بۆ ئەوەی پێشوەختە ڕێگری لە ژن كوشتن بكرێت بەڵكو، كە ژن كوژرا دواتر هەمووان دژی دەوەستینەوە”.

ھیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە

ئەوەشی ڕاگەیاند، “پرسی ڕێگریكردن لە كوشتنی ژنان دەبێت ببێت بە پلانی حوكمەت و كاری ڕاستەقینەی بۆ بكات لە پەنا دروشمەكانیدا، بوونی دروشم بەتەنھا و فەرامۆشكردنی واقیع ھیچ گرنگییەكی نییە”.

“ساڵی پار قوباد تاڵەبانی لە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی جیھانیدا دروشمی ‘ھیچ شەرەفێك لە ژن كوشتندا نییە’ی بەكارھێنا و بە سیفەتە حكومییەكەی داوای لە شارەوانی كرد كە چیتر جەستەی ژنی كوژراو و زوڵملێكراو بەبێ ناو نەنێژن، ئەمساڵیش لەگەڵ كوژرانی ژنێك لە ھەولێر سەرۆكی حوكمەت ھەمان دروشم دووبارە دەڵێتەوە”، وەك لەنجە خاوێ ئاماژەی پێكردووە.

ئەو پارێزەرە ڕاشیگەیاند، “بە بڕوای من بوونی ئەم دروشمانە بەبێ كاركردن و پلان و سیاسەتی جدی لە واقیعدا بۆ بە گژداچوونەوەی ژنكوژی دەبێتە شتێكی ڕواڵەتبازی و ھیچ خزمەتێك بە واقیع ناكات، لەبەر ئەوەی بەرپرسانی حكومەت و پەرلەمانتاران ئەرك و بەرپرسیاریەتییان ھەیە، دەبێت وەك كەسێك ھیچ پۆستێكی نییە قسە نەكەن، بەڵكو دەستبەجێ ژنكوژی و دۆزی ژنان بە پرسێكی سیاسی بزانن و كاری جدی بۆ بكەن”.

ئەوەشی وت، “كوشتنی ژنان، تەنھا بە سزادانی تاوانبار و بكوژانی كۆتایی نایەت، بەڵكو دەبێت لە ڕێگای كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و میدیا و دەزگای ڕاگەیاندنەوە، كار بۆ بڵاوكردنەوەی ھۆشیاریی یاسایی و كۆمەڵایەتی بكرێت و ئەمانەش ئەركی حكومەت و كەسانێكە كە بەرپرسیاریەتییان ھەیە”.

هۆڵی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان

ڕۆڵی پەرلەمان لەو پرسەدا چی دەبێت؟

گوڵستان سەعید، ئەندامی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بوونی چەكێكی زۆری بێ مۆڵەت لە ماڵەكاندا و ڕادەستنەكردنی بكوژانی ژنان بە دادگاكان و سەروەرنەبوونی یاسا بەرامبەریان و داڵدەدانیان لەلایەن هەندێك هێزی سیاسییەوە هۆكاری دووبارە بوونەی حاڵەتەكانی ژن كوشتنە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “بابەتی سوڵحی عەشایەری لە كوشتنی ژناندا كێشەیەكی گەورەیە، كە كوشتنی ژن بە كوشتنی بە ئەنقەست داناندرێت كە بەپێی یاسا و بڕیارێكیش بكوژی ژنان وەك بكوژی پیاوان هەژمار دەكرێت”.

بۆ كورد ژن كوشتن ناسنامەیەكی زۆر ناشرینە و با ئیتر بەس بێت

گوڵستان سەعید ئاماژەی بەوەشكرد، “بە پێویستی دەزانم لەگەڵ دەستپێكردنەوەی دەوامی پەرلەمان سبەی و دوو سبەی، یاداشتێك بدەین بە پەرلەمان ئەم هەموو ژن كوشتنە لەپای چی؟، كابرا ئەم ژنەی تەڵاق داوە دەچێت لە ماڵ باوكی دەیكوژێت، واتا بێباكە بەرامبەر یاسا، بەرامبەر ویژدانی خۆی بەرامبەر بە منداڵەكانی خۆی و كەسوكاری ژنەكە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەت وتیشی، “دەبێت داوا بكەین ئەنجومەنی دادوەری بێتە سەر هێڵ، هەروەها گرنگە حكومەت پشتوانی لەوە بكات كۆتایی بە ژن كوشتن بێت و كەس لە یاسا گەورەتر نەبێت، هەموو كەسێك لە هەر پلە و حزبێكدا بێت ژنی كوشت بدرێتە دادگا، بۆ كورد ژن كوشتن ناسنامەیەكی زۆر ناشرینە و با ئیتر بەس بێت”.

ژنێك بە بەرچاو دایكییەوە بە 13 فیشەك لە هەولێر كوژرا

ئێوارەی ڕۆژی هەینی 16ی نیسان، زەهرای تەمەن 21 ساڵ لەلایەن هاوسەری پێشویەوە لەبەرچاو دایكیدا بە 13 فیشەك كوژرا، خانەوادەی قوربانییەكە داوا دەكەن، “بكوژی كچەكەمان لەسێدارە بدرێت”.

بابەتی پێشتر

بردنەوەی چێڵسی لە مانچستەر سیتی لە قۆناغی نیوەی کۆتایی "فا کەپ"

بابەتی دواتر

كەی بودجەی گشتیی عێراق لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاودەكرێتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share