ئەگەر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەکەی جێبەجێبکات چی ڕوودەدات؟

دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کرد، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ڕۆژی سێشەممە، “ڕۆژی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێران دەبێت و دۆزەخیان نیشاندەدەم”.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، ئەمانە گرنگترین ئەو شوێنانەن کە ئەمریکا بەنیازە بەئامانجیان بگرێت لە ئەگەری ڕێک نەکەوتن تاوەکو ڕۆژی سێشەممە:

1- وێستگە کارەباییەکان، وەک:

– وێستگەی کارەبای دەماوەند لە تاران، کە گەورەترین وێستگەی غازییە لە ئێران و نزیکەی %4ـی کۆی کارەبای وڵات دابیندەکات.

– وێستگەی نەکا لە مازەندەران، یەکێکە لە گرنگترین وێستگە گەرمییەکان (Thermal)، کە پارێزگاکانی باکوور و بەشێکی تاران بەڕێوەدەبات.

– وێستگەی ڕامین لە ئەهواز، وێستگەیەکی زۆر هەستیارە، چونکە کارەبای کێڵگە نەوتییەکان و پاڵاوگەکانی خوزستان دابیندەکات؛ شارەزایان دەڵێن، لێدان لەم وێستگەیە، مانای پەککەوتنی پیشەسازیی نەوتی ئێرانە.

– وێستگەی عەباسپوور لە خوزستان، کە وێستگەیەکی هایدرۆکارەباییە (ئاو) لەسەر بەنداوی کارون، کە بۆ هاوسەنگکردنی تۆڕی کارەبای نیشتمانی بەکاردێت.

2- پردە ستراتیجییەکان

لە زانستی سەربازیدا، لێدانی پرد بۆ پچڕاندنی هێڵی گواستنەوەی سەربازی و سوتەمەنییە؛ ئەمانەی خوارەوە دیارترین پردە ستراتیجییەکانی ئێرانن:

– پردی کۆماری ئیسلامی لە ئەهواز، پردێکی گەورەیە لەسەر ڕووباری کارون کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای خوزستان پێکەوە دەبەستێتەوە.

– پردی “کەنداوی فارس” لە بەندەر عەباس، پردی سەرەکییە کە بەندەر عەباس (گەورەترین بەندەری بازرگانیی ئێران) بە ناوەڕاستی وڵات دەبەستێتەوە؛ لێدانی ئەم پردە واتە پەککەوتنی هەناردە و هاوردە.

– پردی ئازادی لە تاران، نەک تەنیا وەک ڕێگەوبان، بەڵکو وەک هێمایەکی سیاسی، لێدانی پردە سەرەکییەکانی پایتەخت، کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت.

بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لێدانی وێستگەی کارەبا و پردی مەدەنی بە “تاوانی جەنگ” ئەژماردەکرێت، مەگەر لایەنی هێرشکار بیسەلمێنێت، کە وڵاتی بەرامبەر ئەو وێستگە یان پردانە، بۆ مەبەستی سەربازیی ڕاستەوخۆ بەکاردەهێنێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share