پەرلەمانتارێك: حكومەت توانای دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستی نییە

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەلایەن حكومەتەوە وەڵامدراوەتەوە كە بەهۆی خراپیی دۆخی داراییەوە، توانای دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستی نییە، ئەویش داوایكردووە بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستە چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە.

عومەر گوڵپی،‌ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، “پاشئەوەی‌ وەڵامدراینەوە کە بەهۆی‌ خراپیی‌ دۆخی‌ داراییەوە حکومەت مامۆستایانی‌ وانەبێژ دانامەزرێنێت، ئێمەش بە نووسراوێكی دیكە ڕەتمانکردەوە و داوامانکرد حکومەت وەڵامی‌ نوێ‌ و چارەسەری‌ گونجاو بۆ مامۆستایانی‌ وانەبێژ بدۆزێتەوە، بەجۆرێک هاوتابێت لەگەڵ باشبوونی‌ دۆخی‌ دارایی‌ هەرێم‌ و ئەو داهاتەی‌ ئێستە دەگاتە دەست حکومەت”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، نرخی‌ جیهانیی‌ ستانداردی نەوت بۆ سەروو 75 دۆلار بەرزبووەتەوە، ئەوەش باشترین دۆخە پاش سێ ساڵ، ئەو نرخەشی‌ نەوتی‌ هەرێمی پێدەفرۆشرێت تەنها (7 تا 9) دۆلار جیاوازە لە تێکەڵەی‌ ئەو جۆر و نرخەی‌ نەوتی بەسڕەی پێدەفرۆشرێت.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی باسی لەوەشكردووە، “داهاتی هەرێم بەمجۆرەیە، بەلای‌ کەمەوە ڕۆژانە نەوت بە 65 دۆلار و زیاتر دەفرۆشێت، کە ئەگەر ڕۆژانە تەنها 470 هەزار بەرمیل بفرۆشێت ئەوە داهاتی‌ نەوت لە ڕۆژێکدا بریتییە لە 30 ملیۆن دۆلار و لە مانگێکدا نزیکەی‌ 917 ملیۆن دۆلار کە بە دینار دەکاتە یەک ترلیۆن ‌و 328 ملیار دینار، پاش دەرکردنی‌ خەرجییەکانیش، ئەوا نزیکەی‌ 700 ملیار دینار بەتەنها داهاتی مانگانەی‌ نەوتە.

ڕوونیشیكردووەتەوە، بە داهاتەکانی‌ تری‌ گومرگ‌ و باج ‌و ڕسومات‌ و 200 ملیار دینارەكەی‌ بەغدادەوە، مانگانە داهاتی‌ هەرێم زیاترە لە یەک ترلیۆن‌ و 250 ملیار دینار لەکاتێکدا کۆی‌ پێویستیی‌ بودجە بۆ خەرجییەکانی‌ هەرێم و مووچەی تەواو تەنها یەک ترلیۆن دینارە و مانگانە هەرێمی‌ کوردستان بەلای‌ کەمەوە 200 ملیار دیناری‌ زیاترە لەوەی‌ کە پێویستیەتی‌”.

گوڵپی دەشپرسێت، “ئیتر بۆ پارە نییە و دۆخی دارایی خراپە؟”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی نووسیووە، “فەرمانبەر بە گرێبەست بۆ ماوەی‌ 15 ساڵ، کە نە لە حکومەت چارەنووسی‌ دیارە نە لە سندوقی‌ کەرتی‌ تایبەت خانەشینی‌ بۆکراوە، مامۆستای‌ وانەبێژ و زۆر سەیر و سەمەرە و ناوی تر کە لە کاری‌ حکومەت ناوەشێتەوە کە خەمی‌ هاوڵاتییەکانی‌ بێت، بە یاسا کاربکات‌ و بیر لە ئاییندەی‌ وڵاتەکەی‌ بکاتەوە”.

بابەتی پێشتر

ئالابا: ڕیاڵ مەدرید بە بایرن میونشن بەراورد ناکرێت

بابەتی دواتر

نووسەرێکی کورد بە سەرۆکی ناوەندێکی نێودەوڵەتی هەڵبژێردرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share